شکستی ژیانی هاوسەریی چ کاریگەرییەکی لەسەر تەندروستیی ژنان دەبێت؟

2019-07-12

4748 جار خوێندراوەتەوە

+ -

زانایان لە نوێترین توێژینەوەیاندا ئاشکرایانکردووە ڕووخانی لایەنی سۆزداری و دڵەڕاوکێی توند ئەگەری هەیە ببێتەهۆی فشەڵبوونی ماسولکەکانی ژنان کاتێک لە ناوەڕاستی تەمەنیاندان.

زانایانی زانکۆی ئەریزۆنا ئاماژەیان بەوە کردووە، دڵەڕاوکێ دەبێتەهۆی تێکچوونی هۆڕمۆنەکان، بەمەش زیان بە ماسولکەکان دەگەیەنێت و ژنان لە ناوەڕاستی تەمەنیاندا بە ڕووداوێکی سوکیش ئێسکی جەستەیان دەشکێت.

لە توێژینەوەکەدا لیکۆڵینەوە لەسەر ١١ هەزار ژن کردووە کە گەیشتوونەتە تەمەنی نائومێدییەوە "وەستانی سوڕی مانگانە"، کە تەمەنیان لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٩ ساڵیدا بووە، پرسیار لە ژنەکان کراوە و بۆ ماوەی شەش ساڵ چاودێرییان کردوون و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ماندوێتی و دڵەڕاوکێیان کردووە، لەگەڵ فشاری کۆمەڵایەتیی وەک ڕووخانی ژیانی خێزانی و پەیوەندیی سۆزداری و مردن.

زانایان بۆیاندەرکەوتووە، بەرزبوونەوەی تێکڕای ماندوێتیی چڕی ئێسک کەمدەکات بە تێکڕای ٠.٠٨% ئێسکەکانی شان و مل، ٠.١% ئێسکی ڕان و ٠.٧% بڕبڕەی پشت.

بەپێی توێژینەوەکە، زیادبوونی ماندوێتی بەهۆی فشاری دەروونی و ژینگەی کۆمەڵایەتییەوەیە، کە کاریگەریی لەسەر لەدەستدانی چڕیی ماسولکەکان و ئێسک دەبێت، لەگەڵ چوونە تەمەندا توانای ماسولکەکان بۆ کارتێکەرە دەرەکییەکان لاوازدەبێت.

زانایان رایدەگەیەنن، ماندوێتیی زۆر دەبێتەهۆی تێکچوونی هۆڕمۆنەکانی لەش، وەکو کۆرتیزۆڵ و ڕژێنەکانی غودەی دەرەقی و لیمفەگرێکان.

لە کۆتاییدا گروپە توێژەرەکە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی بەرزبوونەوەی فشاری کۆمەڵایەتی پەیوەندییان بە تێکرایی کەمبوونەوەی چڕیی ماسولکەکانی ناوچەی مل و حەوزەوە هەیە، ژنانی بەتەمەنیش بەو هۆیەوە زووتر تووشی شکانی ئێسک دەبنەوە.

ئ.ل