نوێترین كتێبی بەختیار عەلی بڵاودەكرێتەوە

2019-06-26

4162 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نوێترین كتێبی بەختیار عەلی بە ناوی "ئایدۆلۆژیست" ڕۆژی پێنج شەممە بڵاودەكرێتەوە.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٧ی حوزەیران کتێبە نوێیەکەی بەختیار عەلی  بڵاودەبێتەوە، كتێبی "ئایدۆلۆژیست" لەلایەن نووسەر خۆیەوە چاپكراوە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند كاری دابەشكردنی بۆ دەكات و لە كتێبخانە و كتێبفرۆشییەكانی ھەرێمی كوردستان دەستدەكەوێت.

ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی سروشتی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی کە دوای هەرەسی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە خۆرهەڵاتدا دەستپێدەکەن، جگە لەوەش هەوڵێکی نزیکبوونەوەیە لە ڕیشە دێرینەکانی ئێستا، لە پشکنینی ئەو هۆیانەی لەپشت سەرهەڵدان و بەهێزبوون و مانەوەی دڕندەیی سیاسی و دواکەوتنی مەعریفی ئێمەوەن.

بەشێک لە پێڕستی کتێبەکە:

سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ی‌ ئایدۆلۆژیا

به‌ریه‌ككه‌وتن ـ درزێك له‌ موتڵه‌قدا

نیگایەک لەو پێشمەرجانەی زەمینەیان بۆ دەرکەوتنی ئایدۆلۆژیست سازکرد

ڕزگارکەر بەبێ ڕزگاریی

ئایدۆلۆژیست و زمان

گواستنەوەی بانگهێشت لە شیعرەوە بۆ سیاسەت

ئایدۆلۆژیا و دەمامکسازی

بەختیار عەلی ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە، لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٣ی هەولێردا بریندار بووە، وازی لە زانكۆ هێناوە و بە تەواوی خۆی بۆ كاری نووسین و ئەدەبیات یەكلایی کردووەتەوە، لەهەمان ساڵدا (قەسیدەی نیشتمان)ی نووسیوە كە كۆنتریت بەرهەمی بڵاوكراوەیەتی، دواتر لە دیوانی (گوناە و كەرنەڤاڵ) چاپ دەكرێت كە ساڵی ١٩٩٢ بڵاوكراوەتەوە، لە پاییزی ١٩٨٩ یەكەم وتاری لە ڕۆژنامەی (پاشكۆی عێراق)دا بڵاوبووەتەوە، ساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندین كۆڕ و سیمیناری لە سلێمانی و هەولێر پێشكەش کردووە، پاش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ روویکردووەتە ئەڵمانیا و ساڵی ١٩٩٩ لە شاری كۆڵن نیشتەجێ بووە، تا ئێستا نزیکەی ٣٠ کتێبی بەختیار عەلی بەزمانی کوردی چاپ و بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی بۆ زمانەکانی (فارسی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، ئیتاڵی) وەرگێڕدراون.هەندێکیان زیاتر لە ١٠ جار چاپکراونەتەوە (ئێوارەی پەروانە) و (جەمشیدخانی مامم) لە پێشانگای نێودەوڵەتیی سنە لە ساڵی ٢٠١٨ پرفرۆشترین رۆمان بوون. ساڵی ٢٠١٧ بەختیار عەلی خەڵاتی نیلی زاکسی ئەدەبی ئەڵمانیای پێبەخشرا، زیاتر لە ٦٠ کۆڕی لە شارەکانی ئەڵمانیا و نەمسا و سویسرا وئۆکرانیا و بەریتانیا و چیک و ئیتالیا بۆ رێکخراوە. شاعیر و نوسەر و رۆماننووسێکی دیار و بەناوبانگی کوردە.

Related image

ئ.ل