حەمید عوسمان گۆرانییەکی کەمال محەمەد دەڵێتەوە

2019-06-26

7136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەمید عوسمان یەکێک لە گۆرانییە کۆنەکانی گۆرانیبێژ کەمال محەمەدی بە ستایلی جیاواز وتووەتەوە.

حەمید عوسمان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ئاماژەی بە نوێترین کاری هونەریی خۆی کردووە، ئەویش وتنەوەی گۆرانیی "گڕی ئازار"ی کەمال محەمەدە.

حەمید ڕایگەیاندووە، ئەم گۆرانییەی تەنها بۆ ئەکاونتەکانی خۆی کردووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێشکەشی هەوادارەکانی کردووە

"گڕی ئازار" یەکێکە لە گۆرانییە کۆن و دیارەکانی هونەرمەندی گۆرانیبێژ کەمال محەمەد، حەمید عوسمان بە ستایلێکی تایبەت بە دەنگی خۆی گۆرانییەکەی بە شێوەیەکی سادە وتووەتەوە و لە چەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاویکردووەتەوە.

حەمید عوسمان حەمە گەوھەر ناسراو بە (حەمید عوسمان) لە گەڕەکی ئیبراھیم پاشا لە ساڵی ١٩٨٥ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، ھەر لە شاری سلێمانی خوێندنی سەرەتای و دواناوەندیی تەواوکردووە، لە منداڵییەوە لە نێو میوزیک و گۆرانیدا بووە، بەڵام زیاتر حەزی بۆ گۆرانی ھەبووە، لە ئێستادا یەکێکە لە گۆرانیبێژە دیارەکانی کوردستان و ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی کاری هونەرییە، بە هەردوو شێوازی فۆلکلۆر و ستایلی نوێ گۆرانی دەڵێت.

ئ.ل