چەند ژنێک بەهۆی مەلەکردن بە جۆرە جلێکەوە سزای دارایی دران

2019-06-26

19547 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چەند ژنێکی دانیشتووی فەڕەنسا لە ناو مەلەوانگەیەکدا بە بورکینییەوە بینراون و بەو هۆیەوە لە لایەن دادگای شاری گرێنۆبلی فەڕەنساوە سزای دارایی دراون.

ماڵپەڕی سی ئێن ئێن لەبارەی ژمارەیەک ژنەوە بڵاویکردووەتەوە، سەرەرای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦دا پۆشینی بورکینیی لە چەند شارێکی فەڕەنسیی قەدەغەکرا، چەند ژنێک وەکو کەمپینێک لە دژی ئەو بڕیارە بە بورکینییەوە لە مەلەوانگەیەکدا مەلەیان کردووە.

لە بابەتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەموو ئاماژەیەکی ئاینی لە شوێنی گشتییدا ڕێگەپێدراو نییە، ئەو بڕیارە مەلەوانگەکانیش دەگرێتەوە.

ئەم بڕیارە لە لایەن دادگای چەند شارێکەوە ڕەتکرایەوە، بەڵام تا ئێستا لە هەندێک لە شارەکانی فەڕەنسادا پەیڕەو دەکرێت، لەوانە شاری گرێنۆبلە کە کەمپینەکەی تیادا کراوە.

گروپێک هەستاون بە بەڕێوەبردنی کەمپینێک لە دژی ئەو بڕیارە لەو شارەدا و بۆ ئەوەش ڤیدیۆیی چەند ژنێکیان بڵاوکردووەتەوە کە بە بورکینییەوە لە مەلەوانگەیەکدا ئاهەنگدەگێڕن.

ژنەکان لە لایەن پۆلیسەوە بە پاس براون و دوای ئەوە لەبەر ئەو کردارەیان سزای دارایی دراون.

بورکینیی جۆرێکی جلی مەلەیە کە لە لایەن ژنانی موسوڵمانەوە لەبەر دەکرێت.

ز.ن