10 مانگ پێش ئێستا

پێنج زانیاری سەرنجڕاکێش دەربارەی فینلەند

7663 جار خوێندراوەتەوە


فینلەند دەکەوێتە باکوری ئەوروپاوە و هاوسنورە لەگەڵ وڵاتانی ڕوسیا و سوید و نەرویج، شاری هێلسنکی پایتەختی ئەو وڵاتەیە، دراوەکەی بریتییە لە یۆرۆ و ژمارەی دانیشتوانەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی ٥ ملیۆن و نیو بووە. وڵاتێکی پێشکەوتووە و توانراوە بەشێوەیەکی زۆر باش دادپەروەری تیادا بچەسپێنرێت، هاوکات خاوەنی باشترین سیستمی پەروەردەیە لە جیهاندا. فینلەند چەندین شتی سەرنجڕاکێشی تیادایە. فڕێدانی مۆبایل و هەڵگرتن و خستنە سەر ملی خێزانەکەت و گرتنی مێشوولە لە یارییە فەڕمییەکانی ئەو وڵاتەن. فڕێدانی مۆبایل (Mobile Phone Throwing) یارییەکی نێودەوڵەتییە کە لە فینلەنداوە لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە سەریهەڵدا و پەیدابووە. یارییەکە ئامێری مۆبایلی تیادا فڕێ دەدرێت و بەگوێرەی دووری هەڵدانەکە و تەکنیکی هەڵدانەکە بڕیاری لەسەر دەدرێت. شتێکی سەیر ئەوەیە کە لەو وڵاتە تەلەفۆنی گشتی لە شوێنە گشتییەکاندا بوونی نییە، تاکە وڵاتیشە کە تیایدا بە لاتینی هەواڵەکانی پەخش دەکریت. لە فینلەندا ١٨٧ هەزار و ٨٨٨ دەریاچە هەیە. فینلەندا لەڕووی کەمی گەندەڵییەوە تیایدا یەکەمین وڵاتی جیهانە، لە ساڵی ٢٠١٢ دا دانیمارک و فینلەندا یەکەمین وڵاتبوون کە کەمترین گەندەڵییان تیادا ئەنجامدرابێت و دوای ئەوانیش نیوزلەندا بوو.
فینلەندا لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ دەرکەوت. یانەیەکی گۆڵفیش هەیە لەسەر سنوری سوید و فینلەند کە ئەو نیوەیەی کونی تۆپەکەی تیادایە لە وڵاتێکیانە و نیوەکەی تری لە وڵاتێکی تریانە.

فینلەندا زۆرترین ژمارەی خوێندکارەکانی دەچنە کۆلێژەکانی زانکۆ کە ڕێژەکەی بریتییە لە ٦٦%، هەروەها ئەو ڕێژەیە بەرزترین ڕێژەیە لە ئەوروپادا، ٩٣% ی فینلەندییەکان خوێندنی ئامادەیی تەواو دەکەن، بەو پێیەش فینلەند بە ١٧،٥% ی ڕێژەی تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی خوێندکارانی لە ئەمریکا بەرزترە.

لە فینلەندا فەرمانبەرێک لە یەکێک لە فەرمانگەکانی فینلەندا لەسەر مێزەکەی خۆی مرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەی نزیکەی ١٠٠ فەرمانبەری تریش لەو فەرمانگەیەدا کاریان کردووە لە هەمان قاتی بینای فەرمانگەکە بەڵام کەس بە مردنی فەرمانبەرەکەی نەزانیوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ.

ئەگەر چویتە فینلەندا و کەسێکت بینی بە پێوە میزی کرد بە ئاشکرا ئەوە بەلاتەوە سەیر نەبێت چونکە میزکردن لە هەموو شوێنێکدا ئاساییە لای ئەوان، هەروەها ''جرت'' لێدانیش بە دەم لایان زۆر ئاساییە.

مانگی هاوین لە فینلەندا ماوەیەکی سەرنجڕاکێشی ساڵە، چونکە لە هەردوو مانگی حوزەیران و تەموزدا بە نزیکەیی خۆر بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دیارە، واتە دوو مانگی تەواو لە فینلەندا خۆر هەر دیاردەبێت. بە فینلەنداش دەوتریت ''خۆری نیوە شەو'' چونکە لەو دوو مانگەدا بەدرێژایی ڕۆژ و شەو تیشکی خۆر هەر دیاردەبێت و لە ئاسۆ ناڕواتە خوارەوە.

١- سیستمی پەروەردە لە فینلەند

لە فینلەندا منداڵ لە تەمەنی ٧ ساڵییەوە دەچێتە خوێندنگا و دەست بە خوێندن دەکات، بە دەگمەن تاقیکردنەوە و ئەرکی ماڵەوەیان هەیە، تەنیا یەک تاقیکردنەوەی ناچاری لە فینلەندا هەیە کە ئەویش خوێندکار لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا ئەنجامی دەدات. لە سیستمی خوێندنی فینلەنددا هەموو خوێندکارەکان بەبێ جیاوازیکردن لەنێوان تەمبەڵ و زیرەکدا لە یەک پۆلدا وانەیان پێدەوترێتەوە. فینلەندا هێندەی نیویۆرک مامۆستای هەیە بەڵام ژمارەی خوێندکارەکانی لە ژمارەی خوێندکارەکانی نیویۆرک کەمترە و ٦٠٠هەزار خوێندکاری هەیە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە نیویۆرک ١.١ ملیۆن خوێندکاری هەیە. سیستمی خوێندنگاکانی فینلەندا ١٠٠% لەلایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت. مامۆستاکانی فینلەندا پێویستە لەسەریان کە بڕوانامەی ماستەریان هەبێت، هەروەها مامۆستاکان لە وڵاتی فینلەند لە ١٠ باشترینەکانی دەرچووی زانکۆکان هەڵدەبژێردرێن. موچەی ساڵانەی مامۆستایەک لە فینلەندا نزیکەی ٤٣ هەزار دۆلارە ئەگەر ١٥ ساڵ ئەزموونی هەبێت و ئەگەریش تازە دەستی بە کارەکەی کردبێت ئەوە مووچەی ساڵانەکەی ٢٩ هەزار دۆلارە، واتە ساڵانە موچەی مامۆستا نزیکەی هەزار دۆلار زیاد دەکات. لە فینلەندا سزادانی مامۆستا و پاداشتکردنی مامۆستا بە پارە بوونی نییە، مامۆستاکان لە فینلەندا هاوشێوەی پارێزەر و پزیشکەکان هەمان دۆخیان هەیە. هەر کەسێکیش بڕوانامەی دکتۆرا بەدەستبێنێت لە فینلەندا ئەوە کڵاوێک و شمشێرێکی پێشکەش دەکرێت.

٢- ڕیسایکلین ''دووبارە بەکارهێنانەوە''
لە وڵاتی فینلەندا لەکۆی ١٠ بوتڵی پلاستیکی ٩ دانەیان دەگەڕێندرێنەوە بۆ ڕیسایکلین و دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە، هەروەها بە نزیکەیی ١٠٠% ی بوتڵە شووشەکان دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە. لەئێستاشدا لە فینلەندا کۆمپانیایەک بەناوی ''پیوە وەیست'' هەیە کە هەڵدەستێت بە دووبارە بەکارهێنانەوەی پۆشاکە کۆن و بێکەڵک و چنراوەکان و ١٠٠% ی ئەو پۆشاکە کۆن و بێکەڵکانە دووبارە بەکاردەهێنێتەوە، بەم کارەش کۆمپانیاکە توانیویەتی ٢٠٠ ملیۆن لیتر ئاوی سازگار لە پیسبوون بپارێزێت. بە شێوەی ئۆنلاینیش کاتێک کڕیارێک ''تی شێرت''ێک دەکڕێت وەکو بیرخستنەوەیەک بڕی ئەو ئاوەی وەبیر دێننەوە کە بەهۆی هەڵگرتنەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەو تی شێرتەوە پارێزراوە کە بریتییە لە ٢٧٠٠ لیتر.

٣- ساونا لە فینلاند
ژمارەی ساوناکان لە فینلەندا لە ژمارەی ئوتومبێلەکان زیاترن، لەکاتێکدا ژمارەی ئوتومبێلەکان لە فینلەندا ٢ ملیۆن و ٨٧٧ هەزار و ٤٨٤ ئوتومبێلە، واتە نزیکەی ٣ ملیۆنە، بەڵام لە فینلەندا ژمارەی دانیشتوان نزیکەی ٦ ملیۆنە و نزیکەی سێ ملیۆن ساونا بوونیان هەیە، ٩٩% ی خەڵکی فینلەندا بەلانی کەمەوە لە هەفتەیەکدا جاررێک ساونا دەکەن. بە نزیکەیی هەموو ماڵێک ساونایەکی تیادایە. هەروەها شتێکی نامۆ و نائاسایی نییە ئەگەر ئەندامانی خێزانێک و خزمەکانیان پێکەوە لە ساونادا خۆیان ڕووت بکەنەوە، تەنانەت لەگەڵ هاوڕێ بازرگانەکانیشیاندا شتێکی نائاسایی نییە ئەگەر لە ساونادا خۆیان ڕووت بکەنەوە. لای فینلەندییەکان ساونا جێگایەکە بۆ پشودان لەگەڵ هاوڕێ و ئەندامانی خانەوادەکەیاندا و بوونی ساونا بە پێویست دەزانن. زۆربەی زۆری دایکانی دووگیانیش لە ساونادا منداڵیان دەبێت.

٤- غەرامەی خێرا لێخوڕینی ئوتومبێل
لە فینلەندا، غەرامەی هاتوچۆ لە سەر دوو بنەما بنیاتنراوە کە ئەوانیش بریتین لە قورسی سەرپێچییەکە و داهاتی شۆفێرەکە. گرانترین و قورسترین غەرامەش کە تا ئێستا لەو وڵاتە تۆمارکراوە باوەڕ وایە کە بەسەر جوسی سالۆنۆجادا سەپێنراوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا کە بە بڕی ١٧٠ هەزار یۆرۆ غەرامە کراوە، غەرامەکردنەکەش لەسەر ئەوە بووە کە لە شەقامی خێرایی ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە خێرایی ٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا شۆفێری کردووە.

٥- شاری هێلسنکی ڕاستگۆترین خەڵکی تیا دەژی
ڕیدەرس دیگێست کە گۆڤارێکی هەمەڕەنگە لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدا بە فڕێدانی ١٩٢ جزدانی پارە لە ١٦ جێگای جیاوازی شارە جیهانییەکان هەر لە شاری نیو یۆرکەوە هەتا شاری مومبای، دواتر چاوەڕێی کرد بزانێت چەند کەسیان جزدانەکان دەگەڕێننەوە. لە هەموو شارێک دەستەی گۆڤاری ناوبراو هەستا بە فڕێدانی ١٢ جزدان و لە شاری لیسبۆنی پایتەختی پورتوگال تەنیا یەک جزدان لەو ١٢ جزدانە گەڕێندرانەوە کە فڕێدرابوون ئەویش لەلایەن دوو کەسەوە گەڕێندرایەوە کە خەڵکی هۆڵەندا بوون و بە گەشتێک چووبوون بۆ پرتوگال. لە شاری هێلسنکی پایتەختی فینلەندا لەکۆی ١٢ جزدانەکە ١١ جزدانیان گەڕێندرانەوە و بەوەش پایتەختی فینلەند بوو بە ڕاستگۆترین شار لە جیهاندا، لەدوای هێلسنکییەوە مومبایی هیندستان دێت کە تیایدا ٩ جزدان لەکۆی ١٢ جزدانەکە گەڕێندرانەوە و لە نیو یۆرکی پایتەختی ئەمریکاش ٨ جزدان لەکۆی ١٢ جزدانەکە گەڕێندرانەوە و لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاش ٦ جزدان و لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاش ٥ جزدان گەڕێندرانەوە.