19/05/2017

كورتەیەك لەژیانی بارام بەگ

50629 جار خوێندراوەتەوە

بارام نه‌جیب بارام، ناوی‌ ته‌واوی‌ ئه‌و پیاوه‌یه‌ كه‌ به‌(بارام به‌گ) ناسراوە و ساڵی ١٩١١ لە شۆشمە لەهەورامانی كوردستانی ڕۆهەڵات لەدایكبووە و دواتر بنەماڵەكەیان هاتوون بۆ هەورامانی كوردستانی باشوور و له‌گوندی‌ سۆسه‌كانی‌ سه‌ر به‌شاره‌دێی‌ ته‌وێڵه‌ نیشتەجێبووە.

هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو پیاوە لە هەورامانی كوردستانی باشوور لەساڵی ١٩١٣ لەدایكبووە. سۆسه‌كان گوندێك به‌ته‌نیشت ته‌وێڵه‌وه‌‌یە و به‌سه‌وزایی‌ دارگوێز‌ و باخه‌كان داپۆشراوه‌. له‌ڕووی ئیداریه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای(هه‌ڵه‌بجه‌)یه‌ و دووری ئه‌م ناوچه‌یه‌ بۆ پارێزگای سلێمانی (١٠٥)كیلۆمه‌تره‌.

بارام به‌گ وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی‌ قسه‌خۆشی‌ میللی‌ كوردی‌ هه‌میشه‌ به‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌ر بۆنه‌یه‌ك سێ‌ به‌سێ‌ ته‌ڵاقی‌ خواردووه‌. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ئێستا خه‌ریك بوو ئه‌و قسانه‌ی‌ بارام به‌گ له‌یاده‌وه‌ری‌ خه‌ڵكدا كاڵده‌بوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می‌ فه‌یسبووكدا جارێكی‌ تر هاتنه‌وه‌ به‌ر مه‌یدان ‌و كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سێك كه‌ ده‌یه‌وێت نوكته‌یه‌كی‌ نوێ‌ بكات، ناوی‌ بارام به‌گی‌ پێوه‌ ده‌كات.

بارام به‌گ پیاوێكی‌ ساده‌بووه‌، كه‌سێك بووه‌ له‌گه‌ڵ ئێش‌ و ئازاره‌كانی‌ خه‌ڵك‌ و ده‌وروبه‌ری‌ بووه‌. هه‌میشه‌ ئه‌و قسانه‌ی‌ كردوونی‌ هه‌موویان راست بوون‌ و روویانداوه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بووه‌.

ته‌ڵاقه‌كانی‌ بارام به‌گ جارێكی‌ تر زیندوده‌بنه‌وه‌‌ و ئه‌و ته‌ڵاقانه‌ی‌ له‌ناو مه‌جلیسی‌ به‌گه‌كان ‌و خانه‌دانه‌كاندا بارام به‌گ ده‌یخستن، ئه‌مڕۆ په‌یجه‌كانی‌ فه‌یسبوك ‌و كۆبوونه‌وه‌كانی‌ گه‌نجان گه‌رم ده‌كه‌ن.

له‌ئێستادا چه‌ندین په‌یج كراونه‌ته‌وه‌‌ و ته‌ڵاقه‌كانی‌ بارام به‌گ داده‌نێن. هه‌ر بۆیه‌ هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ته‌ڵاقه‌ راسته‌كانی‌ بارام به‌گ هه‌روا ئاسان نیه‌. هه‌رچه‌نده‌ بارام به‌گ نازناوی‌ به‌گی‌ هه‌ڵگرتوه ‌‌و له‌به‌گزاده‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ورامانه‌ به‌ڵام هه‌ژاری ‌‌و هه‌ستكردن به‌ئازاره‌كانی‌ خه‌ڵك به‌شێك بووه‌ له‌ژیانی‌ بارام به‌گ.

بارام كه‌ ته‌ڵاقه‌كانی‌ كردوویانه‌ته‌ پیاوێكی‌ ناسراو‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ ٨٠ ساڵیدا‌و له‌ساڵی‌ ١٩٩١دا لە هه‌ڵه‌بجەی تازە‌ كۆچی‌ دوایكردووه‌‌ و به‌خاك سپێردراوه‌.

ئه‌مه‌ش به‌شێكن له‌ته‌ڵاقه‌كانی بارام به‌گ:

- ته‌ڵاقم كه‌وتبێ ئه‌گه‌ر سه‌یاره‌ ببێته‌ یه‌ك دینار من ئه‌وكات ته‌نیا خاوه‌نی هه‌ژده‌ په‌نجایی ئه‌بم.

- سێ به‌سێ ته‌ڵاقم كه‌وتبێت رۆژی وا هه‌یه‌ سه‌د جار له‌باتی خه‌ڵك ته‌ریق ئه‌بمه‌وه‌.

- ته‌ڵاقم كه‌وتبێت كه‌س ناشیرین نیه‌ و هه‌موو كه‌س خۆی خۆی ناشیرین ده‌كات.

- پیاو كه‌ نه‌گبه‌ت بوو محه‌له‌بی‌ بخوات دانی‌ ده‌شكێت.

- ته‌ڵاقم كه‌وتبێ كه‌س خاوه‌نی ته‌سبیحی ده‌ستی خۆی نیه‌، یان له‌ كه‌سێكی بردووه‌ یان كه‌سێك لێی ئه‌بات

- سێ به‌سێ ته‌لاقی خواردووه‌ تراكتۆر به‌سه‌ر شووشه‌یا بروات ته‌قه‌ته‌ق ئه‌كات

- ته‌ڵاقم كه‌وتبێ‌ نه‌گبه‌تی گه‌وره‌ی كورد له‌و رۆژه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ به‌درۆیان وت سیاسه‌ت.

- بارام به‌گ سێ به‌سێ ته‌ڵاقی خواردووه‌ كه‌ یاپراخ قه‌ت سارد نابێته‌وه‌، كه‌ ساردیش بووه‌وه‌ قه‌ت گه‌رم نابێته‌وه‌.

- سێ به‌سێ ته‌ڵاقم كه‌وتبێت خوێدانێك ده‌ستناكه‌وێت به‌باشی خوێی‌ پێدابێت.

- ته‌ڵاقم كه‌وتبێ هه‌موو چایه‌ك جگه‌ره‌یه‌كی ئه‌وێ و هه‌موو جگه‌ره‌یه‌كیش چای ئه‌ویت.

- سێ‌ به‌سێ‌ ته‌ڵاقم كه‌وتبێت عه‌لادین قاچی خۆی گه‌رم ناكاته‌وه‌، جا چۆن قاچی من گه‌رم ده‌كاته‌وه‌.

- سێ به‌سێ ته‌ڵاقم كه‌وتبێت ژن ‌و مێرد قه‌ت رێك ناكه‌ون هه‌ر نه‌بێت یه‌ كێكیان سه‌رمایه‌تی و ئه‌وی تر گه‌رمایه‌تی.

م.ح