19/05/2017

دەتەوێت ببیت بە ئافرەتێکی بەهێز و سەربەخۆ؟ ئەم خاڵانە پەیڕەو بکە

50530 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵێك بنەما و کردار هەن کە یارمەتی ئافرەتان دەدەن کەسایەتییان بەهێزتر بکەن و بتوانن بە شێوازێکی باشتر بەرەنگاری کێشەکانی ژیان ببنەوە.

لە ماڵپەڕی هەف پۆست ئاماژە بە پێنج لەو بنەمایانە کراوە کە یارمەتیدەرن  لە بەهێزکردنی کەسایەتی ئافرەتان:

١. سەربەخۆ ببە:

زۆرینەی پیاوان ئارەزوو دەکەن لەگەڵ ئافرەتێکدا بن کە بزانێت لە هەر قۆناغێکی ژیانیدا چیدەکات و گەر ویستت هاوسەرگیری بکەیت یان پەیوەندی سۆزداری دروستبکەیت لە پێشدا هەموو شتە گرنگەکانی ژیانی خۆت لێکبدەرەوە دواتر هاوبەشی بکە.

٢. پارێزگاری بکە لە پەیوەندیت  لەگەڵ خۆتدا:

دەبێت خۆت قبوڵ بکەیت و بڕوا بەوە بهێنیت کە تۆ نمونەیی نیت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دان بە هەڵەکانتدا بنێیت و بتوانیت چارەسەری کێشەکانت بکەیت و گەر پەیوەندیت لەگەڵ خۆتدا باش بێت ئەوا پەیوەندیت لەگەڵ کەسانی دیکەشدا باش دەبێت.

٣. چاوەڕوان مەبە هیچ کەسێك تۆ ڕزگاربکات:

لە ژیانتدا پشت بە کەسانی دیکە مەبەستە، چونکە ئافرەتی بەهێز خۆی پێشەوای ژیانی خۆیەتی و چاوەڕوان نییە کە کەسانی دیکە یارمەتی بدەن ،کاتێك لە حاڵەتێکی دەروونی خراپدا دەبێت. ئەمە وا ناگەیەنێت کە پەیوەندیت لەگەڵ کەسانی دیکەدا نەبێت، بەڵكو بڕوات بە خۆت هەبێت و بتوانیت بە تەنها بە ئەرک و پێویستەییەکانی خۆت هەڵبستیت.

٤. چیتر وابیر مەکەرەوە کە تۆ قوربانیت:

هەرچەندە گەر بۆ جارێکیش مافت وەك ئافرەت پێشێلکرابێت، ڕێگە مەدە ئەمە کاریگەری  لەسەر هەڵسوکەوت و بیرۆکەکانت هەبێت. گەر بەردەوام هەست بەوە بکەیت کە قوربانیت ئەوا بڕوابەخۆبوونت کەمدەبێتەوە و بەم جۆرەش ناتوانی بەرەوپێشەوە بچیت.

٥. گوێ بۆ ڕای کەسانی دیکە بگرە، بەڵام خۆت بڕیاری خۆت بدە:

کاتێك دەتەوێت بڕیار لەسەر شتێك بدەیت، گوێ بۆ ڕاو و بۆچوون و ئامۆژگارییەکانی کەسانی دیکە بگرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کۆمەڵێك بنەما و پێوەری تایبەت بە خۆتت هەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئامۆژگاری کەسانی دیکەدا باشترینیان بۆ خۆت هەڵبژێریت.

ژ.ن