به‌ شێخ ئه‌دهه‌مم وت خوێنەکەی رێژوان له‌ ئه‌ستۆی‌ مه‌سعود بارزانی‌ دایە

‌ 30800 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه 13/3/2011 17:58:00
گۆڕینی فۆنت

NRT- به‌هێز عوسمان:
عه‌لی‌ ئه‌حمه‌د ناسراو به‌ حاجی‌ عه‌لی‌ كاشی‌ تایبه‌ت به‌ nrtی‌ راگه‌یاند "هه‌ركه‌سێك هاتوه‌ته‌ ماڵمان ڕێزمان لێگرتوه‌، ڕێزی‌ (د. به‌رهه‌م)مان زیاتر گرتووه‌ تا شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی‌ نێردراوی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم.
حاجی‌ عه‌لی‌ كاشی‌ وتیشی‌ "شێخ ئه‌دهه‌م پێش ئه‌وه‌ی‌ بێته‌ ماڵمان چوار جار ته‌له‌فۆتی‌ بۆ كردم دواتر ڕازی‌ بوم كه‌ بێت و ئاگادارم كرد كه‌ هیچ وه‌فدێكی‌ پارتی‌ ناو سلێمانی‌ نه‌هێنێت، جگه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ خۆیان، كه‌ هاته‌ ماڵه‌كه‌یشمان سه‌عات و نیوێك له‌ ماڵه‌كه‌ماندا بوو زۆر ڕێزی‌ لێگرتین و زۆر نه‌رمی‌ نواند".
باوكی‌ رێژوان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌و هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ‌ "هه‌ركه‌سێك به‌ڵگه‌ی‌ پێیه‌ كه‌ پاره‌مان وه‌رگرتوه‌ با بیخاته‌ روو، ئێمه‌ به‌ شێخ ئه‌دهه‌ممان وت كه‌ شه‌هید رێژوان له‌به‌رده‌م ماڵی‌ بارزانیدا شه‌هید كراوه‌ و خوێنه‌كه‌ی‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ مه‌سعود بارزانی‌و بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانیدایه‌‌و سكاڵاشمان تۆمار كردووه‌".
حاجی‌ عه‌لی‌ كاشی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ له‌ خوێنی‌ رێژوان خۆش نابن و ده‌بێت بكوژانی‌ رێژوان سزای‌ یاسایی‌ خۆیان وه‌رگرن.
حاجی‌ عه‌لی‌ كاشی‌ ره‌تیكرده‌وه‌ لایه‌نگری‌ هیچ حزبێك بێت، ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ش كه‌ له‌هه‌ندێك كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، ناوبراو وتی‌ "ماوه‌ی‌ كاتژمێرو نیوێك به‌ ڤیدیۆ وێنه‌ گیرا، به‌ڵام ده‌بوایه‌ هه‌مویان بڵاوبكردایه‌ته‌وه‌ نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیاندایه‌ كه‌ كاتێك من له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانیدا قسه‌ ده‌كه‌م".
باوكی‌ رێژوان وتیشی‌ "یه‌كه‌م رۆژی‌ هه‌ینی‌ دوای‌ شه‌هید كردنی‌ رێژوان چوینه‌ به‌رده‌ركی‌ سه‌را نوێژی‌ خۆمانكردو ویستمان وتار پێشكه‌ش بكه‌ین، به‌ڵام وتیان نابێت، چونكه‌ ئێوه‌ نه‌رمیه‌كی‌ زۆرتان نواندوه‌، له‌كاتێكدا ئێمه‌ مه‌یدانی‌ ئازادیمان دروستكردوه‌و ده‌بێت ئێمه‌ شانازی‌ پێوه‌ بكه‌ین، رێژوان كاتێك كوڕی‌ ئێمه‌ بوو كه‌ زیندو بوو، ئێستا كه‌ شه‌هید بووه‌ كوڕی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ خۆپێشانده‌ره‌یه‌ كه‌ له‌ مه‌یدانی‌ ئازادیدان، هه‌ركه‌سێك به‌ شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ خۆپیشاندان بكات من ده‌بمه‌ شه‌قام و ئه‌وان به‌ پێڵاوه‌وه‌ خۆپیشاندانم له‌سه‌ر بكه‌ن، زۆریش په‌یوه‌ندیم پێوه‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن ئه‌و كوردانه‌ی‌ تاراوگه‌و سوپاسی‌  هه‌موو كوردێك ده‌كه‌م  له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی‌ وڵات كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ وێنه‌ی‌ ڕێژوانیان به‌رزكردۆته‌وه‌".