ورده‌كاری‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ئێن ئاڕتی‌

‌ 11810 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه 9/2/2013 20:07:00
گۆڕینی فۆنت

دوانیوه‌رۆی‌ ئه‌مڕۆ، زیاتر له‌ 300 هاوڵاتی‌ له‌لایه‌نگران و ئه‌ندامانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، له‌به‌رده‌م باره‌گای‌ كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی‌ له‌سلێمانی‌ كۆبونه‌وه‌، وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕێنێك به‌رامبه‌ر به‌ موداخه‌له‌یه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی له‌یه‌كێك له‌به‌رنامه‌كانی‌ ئێن ئاڕ تی‌ دا.

سه‌ره‌تا كاتژمێر 3.50 خوله‌كی دوانیوه‌رۆ، ئافره‌تێك هاته‌ به‌رده‌م كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی‌ و رایگه‌یاند كه‌له‌ ڕێكخراوی‌ پارتیه‌وه‌ ئاگاداریان كردۆته‌وه‌ كه‌بچێته‌ به‌رده‌م ئێن ئاڕ تی‌ چونكه‌ گردبونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌، دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ كاتژمێرێكدا ژماره‌ی‌ هاوڵاتیه‌كان له‌ 300 كه‌س زیاتر بوون‌و ژماره‌یه‌ك پاصی كۆسته‌ریش هاوڵاتی‌ ده‌هێنایه‌ ناو گردبونه‌وه‌كه‌و خۆپیشانده‌رانیش به‌هوتافی لایه‌نگیری پارتی‌ و بارزانی‌.. دروشمیان دژی‌ كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی‌ به‌رزكرده‌وه‌ و ویسوتیان بێنه‌ ناو كه‌ناڵه‌كه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ گردبونه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌دا، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی‌ پۆلیس‌و چالاكیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان گه‌یشتنه‌ شوێنی‌ گردبونه‌كه‌وه‌و نه‌یانهێشت، خۆپیشانده‌ران بێنه‌ ناو كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تیه‌وه‌.. ئێن ئاڕ تی‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌چۆنیه‌تی‌ ڕیكخستنی‌ ئه‌و گردبونه‌وه‌یه‌، چه‌ندین په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنی‌ كرد به‌ په‌رپرسانی‌ پارتی‌ دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ به‌رده‌ست بوون، رایانگه‌یاند كه‌ ئه‌وان ئاگاداری‌ ئه‌و گردبونه‌وه‌یه‌ نین و ئه‌وه‌ به‌بڕیاری‌ فه‌رمی‌ پارتی‌ نه‌كراوه‌.

دوابه‌دوای‌ چڕبونه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ خۆپیشانده‌ران و توڕه‌یی خه‌ڵكه‌كه‌.. هه‌ڵۆ ئه‌حمه‌د كورده‌، به‌رپرسی لقی چواری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌یاوه‌ری‌ ژماره‌یه‌ك كادری‌ پارتی‌.. گه‌یشته‌ كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی‌ و بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕیوه‌به‌ری‌ ئێن ئاڕ تیدا، ووته‌یه‌كیان له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا راگه‌یاند.

له‌ووته‌كه‌یدا هه‌ڵۆی‌ ئه‌حمه‌د كورده‌، بانگه‌وازێكی‌ دا به‌خۆپیشانده‌ران و داوای‌ كرد كه‌ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نگری پارتیه‌، ئه‌و گردبونه‌وه‌یه‌ به‌جێبهێڵێت، له‌هه‌مانكاتدا توانا عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئێن ئاڕ تی‌ له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا ناڕه‌زایی كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌و موداخه‌له‌ ته‌له‌فۆنیه‌ ده‌ربڕی كه‌ هاوڵاتیه‌ك له‌سه‌ر مه‌لا موسته‌فای‌ بارزانی‌ كردویه‌تی‌ و ئه‌وه‌ی‌ به‌بێ رێزی‌ وه‌سف كرد و راگه‌یاند خه‌ڵكانێك فه‌زای ئازادی‌ كه‌ناڵه‌مان به‌كارده‌هێنن بۆ رژاندنی‌ ڕق و كینه‌یان و ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ش قبوڵنه‌كراوه‌.

ئه‌وه‌بوو پاش ماوه‌یه‌ك.. خۆپیشانده‌ران به‌رده‌م كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تیان به‌جێهێشت و بڵاوه‌یان لێكرد.

ئێن ئاڕ تی‌ لێره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ی‌ جارجارێك هه‌ندێك هاوڵاتی‌ له‌به‌رنامه‌ راسته‌وخۆكاندا ده‌یكه‌ین، خراپ به‌كارهێنانی‌ كه‌ناڵه‌ماندا له‌كاتی‌ په‌خشی‌ راسته‌وخۆدا كه‌ئاسان نیه‌ كۆنترۆڵ بكرێت و به‌شێكه‌ له‌سلبیاته‌كانی‌ ته‌كنه‌لۆجیای‌ په‌خشی‌ راسته‌وخۆی‌ ته‌له‌فیزیۆن.

هه‌روه‌ها ئێن ئارٍ تی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ئه‌گه‌ر له‌به‌رنامه‌كانیدا هه‌ڵه‌یه‌كی‌ دیاریكراو تێبپه‌ڕێت، ده‌بێت په‌نا ببرێته‌ به‌رده‌م رێگای‌ یاسایی و دادگاكان،نه‌وه‌ك به‌ڕێگای‌ گردبونه‌وه‌و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت.. چونكه‌ ڕێكخستنی‌ ئه‌م جۆره‌ فشاره‌ ناشارستانیانه‌، ئازادی‌ راگه‌یاندن و ژیانی‌ سیاسی و دیموكراسی هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و كلتوری‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ریه‌كتری‌ په‌ره‌پێده‌دات.

لێره‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ دوپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سه‌روماڵی ستافه‌كه‌مان له‌سه‌رجه‌م پارێزگاو شاروشارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ئه‌ستۆی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، ئه‌گه‌ریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاماده‌یه‌ نیه‌ بمانپارێزێت، ناچانارین داوا له‌خه‌ڵكی‌ كوردستان بكه‌ین بمانپارێزن.

هه‌روه‌ها ئێن ئاڕ تی‌ داوا له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌كات كه‌هه‌ڵوێستی‌ فه‌رمی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ ده‌ربڕێت كه‌ ئه‌مڕۆ سه‌دان لایه‌نگری‌ پارتی‌ په‌نایان بۆ برد، دوور له‌رێكاره‌ یاساییه‌كان و بێ هیچ مۆڵه‌تێكی‌ فه‌رمی‌ و دوور له‌بنه‌ما مه‌ده‌نی و شارستانیه‌كان.

فۆتۆ : هێرش سه‌نگه‌ری‌