بیست ساڵ به‌سه‌ر تیرۆركردنی‌ د. سادقی شه‌ره‌فكه‌ندی تێپه‌ڕده‌بێت

‌ 4598 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه 16/9/2012 10:58:00
گۆڕینی فۆنت

دوو ده‌یه‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌ رۆژی 17ی ئه‌یلوولدا، كه‌ هێشتا برینی تیرۆر كردنی "عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو" لای خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان سارێژ نه‌ببوو، "دكتۆر سادقی شه‌ره‌فكه‌ندی" سكرتێری حیزبی دیموكرات له‌ ریستورانتی میكۆنووس له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڕێیانی تیرۆر كرا.

رۆژی 17ی ئه‌یلولی ساڵی 1992 له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا له‌ ریستورانتی میكۆنوس "دكتۆر سادق شه‌ره‌فكه‌ندی"  كه‌ دوای تیرۆری "عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو" بوو به‌ سكرتێری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له‌ گه‌ڵ "فه‌تاح عه‌بدولی"، ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی و "هومایون ئه‌رده‌ڵان" نوێنه‌ری ئه‌و حیزبه‌ له‌ ئه‌ڵمانیاو هه‌روه‌ها "نووری دێهكوردی" كه‌سایه‌تی ئێرانی و دۆستی حیزبی دیموكرات له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ تیرۆر كران.

شه‌ره‌فكه‌ندی له‌گه‌ڵ وه‌فدی هاوڕێ بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ی ئه‌نترناسیۆنالی سوسیالیستدا چوو بووه‌ ئه‌ڵمانیا و ئه‌و شه‌وه‌ی كه‌ تیرۆر كرا بڕیار بوو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و هیزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سه‌راسه‌ری ئێران له‌ ریستورانتی میكۆنووس كۆ ببێته‌وه‌.

له‌و كاته‌دا دادگای ئه‌ڵمانیا به‌ دواداچوونی بۆ بابه‌ته‌كه‌ كرد و ساڵێك دواتر كه‌سێكی به‌ ناوی"كازم دارابی" كه‌ ئه‌ندامی سوپای پاسداران بوو و له‌ ئه‌ڵمانیا داده‌نیشت له‌گه‌ڵ چوار لوبنانی دیكه‌ ده‌ستگیر كرد و كاری دادگا له‌ سه‌ر رووداوی 17ی ئه‌یلووی ریستورانتی میكۆنووس ده‌ستی پێكرد. دادگایی كردنی تاوانبارانی ئه‌م دۆسیه‌ نزیكه‌ی پێنج ساڵی خایاند و له‌و ماوه‌یه‌شدا دادگا 247 جار له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه‌ كۆبووه‌وه‌و له‌ سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كانی دادگاییه‌كه‌دا زیاتر له‌ 170 كه‌س به‌شدار بوون. له‌ مانگی مارسی 1997دا دادگا بڕیاری كۆتایی له‌ سه‌ر دۆسیه‌كه‌ ده‌ركرد. به‌ پێی بڕیاره‌كه‌ "كازم دارابی" ئه‌ندامی سوپای پاسداران و "عه‌باس ره‌حیل" خه‌ڵكی لوبنان زیندانی هه‌تا هه‌تاییان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا و "یوسف محه‌مه‌د ئه‌مین" 11 ساڵ و "محه‌مه‌د ئه‌تریس" 5 ساڵ زیندانى بۆ بڕایه‌ و هه‌ر دووكیشیان لوبنانی بوون.

هه‌روه‌ها دادگای ئه‌ڵمانیا "عه‌لی خامنه‌یی"، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران و "هاشمی ره‌فسه‌نجانی"، سه‌ركۆماری ئه‌و كاتی ئێران و "عه‌لی فه‌لاحیان" وه‌زیری ئه‌و كاتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و "عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی"، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ئێران به‌ تاوانبار و بڕیارده‌رانی سه‌ره‌كی تیرۆره‌كه‌ ناساند. و له‌و كاته‌وه‌ هیچ كام له‌چه‌ند كه‌سه‌ جگه‌ له‌ وڵاتانی دراوسێ نه‌یانتوانیوه‌ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بكه‌ن. ئه‌م دادگاییه‌ له‌و كاته‌دا نۆ ملیۆن "فرانك"ی تێچوو.

بڕیاری دادگای ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر رووداوی تیرۆری سادق شه‌ره‌فكه‌ندی و هاوڕێیه‌كانی كه‌ به‌ "كاره‌ساتی میكۆنووس" ناسراوه‌و یه‌كه‌م به‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ سه‌ر تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامی و كاتێك ئه‌و بڕیاره‌ ده‌رچوو كێشه‌یه‌كی قووڵ كه‌وته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و ئه‌لمانیا باڵوێزی خۆی له‌ تاران بانگ كرده‌وه‌و چوار دیپلۆماتی ئێرانیشی له‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌ركرد. هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌وروپایی باڵوێزه‌كانی خۆیان له‌ تاران بانگ كرده‌وه‌و باڵوێزخانه‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌ك داخست. له‌ به‌رامبه‌ریشدا كۆماری ئیسلامی باڵوێزه‌كانی خۆی له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپایی بانگی تاران كرده‌وه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ كه‌ به‌ بڕیارێكی مێژوویی داده‌نرێت و بۆ یه‌كه‌مین جار بوو له‌ جیهاندا كه‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی وڵاتێك له‌ لایه‌ن دادگای وڵاتێكی دیكه‌وه‌ به‌ تاوانبار بناسێندرێن له‌ ئاكامدا ناكۆكییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ نێوان تاران و ئه‌ورووپا دروست كردوه‌و دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند مانگ به‌ سه‌ر هاتنه‌ سه‌ركاری "محه‌مه‌د خاته‌می" سه‌ركۆماری ریفۆرمخوازی ئێران له‌ ساڵی 1997 په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاتانی ئه‌ورووپایی و كۆماری ئیسلامی ئێران ورده‌ ورده‌ گه‌ڕایه‌وه‌ دۆخی ئاسایی خۆی.

كازم دارابی، كه‌ تاوانبارێكی دۆسیه‌كه‌ بوو دوای 15 ساڵ زیندان ساڵی 2007 راده‌ستی كۆماری ئیسلامی كرایه‌وه‌و كاتێك گه‌یشته‌وه‌ تاران رایگه‌یاند كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا و ده‌زگای دادوه‌ری ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات.

"سادقی‌ شه‌ره‌فكه‌ندی‌" 11ی‌ كانوونی دووهه‌می ساڵی‌1938ی‌ زایینی‌ له‌ گوندی‌ ته‌ره‌غه‌ی‌ بۆكان له‌ دایك بوو. له‌ ته‌مه‌نی‌ منداڵی‌ دا باوكی‌ له‌ده‌ستدا‌و براگه‌وره‌كه‌ی واته‌"هه‌ژار"ی‌ شاعیر ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتی كردنیانی كه‌وته‌ ئه‌ستۆ. سه‌رده‌می‌ منداڵیی‌ سادقی‌ شه‌ره‌فكه‌ندی‌، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ‌ په‌ره‌ئه‌ستاندنی‌ خه‌باتی‌ ‌ خه‌ڵكی‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ‌و دامه‌زراندنی‌ كۆماری‌ كوردستان.

پۆلی‌ یه‌ك‌و دووی‌ سه‌ره‌تایی‌ له‌ بوكان‌و پاشان كه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ له‌ مه‌هاباد گیرساوه‌، خوێندنی‌ سه‌ره‌تایی‌‌و ناوه‌ندی‌ له‌و شاره‌‌و ساڵی‌ كۆتایی دواناوه‌ندی له‌ ته‌ورێز ته‌واو كرد‌و ساڵی‌ 1959 له‌ "خوێندنی باڵای" تاران به‌كالریۆسی كیمیای وه‌رگرت.


هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بوو به‌ مامۆستای‌ كیمیا و هه‌تا ساڵی‌ 1965 له‌ شاره‌كانی‌ ورمێ ‌‌و مه‌هاباد به‌ ئه‌ركی‌ مامۆستایه‌تی‌یه‌وه‌ خه‌ریك بوو. سه‌ره‌نجام "ساواك"، ده‌زگای‌ هه‌واڵگری رێژیمی‌ "حه‌مه‌ ره‌زا شای په‌هله‌وی" له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ماموستای‌ دیكه‌ی‌ هابیر‌و هاوكاری‌ بۆ شاره‌كانی‌ "ئه‌راك"و "كه‌رج"و چه‌ند شاری‌ دیكه‌ی‌ دووری خستنه‌وه‌.

سادق شه‌ره‌فكه‌ندی‌ ساڵی‌ 1970 بۆ زانستگای‌"راهێنانی مامۆستایه‌تی" ده‌گوازرێته‌وه‌و له‌  به‌شی‌ كیمیا‌ كاری‌ پێ‌ ده‌سپێردرێت. له‌ ساڵی 1972 به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ بورسی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی باڵا چوو بۆ فه‌رانسه‌‌و پاش چوار ساڵ مانه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ توانی‌ له‌ بواری "كیمیای ئانالیز"دا بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌ زانكۆی ژماره‌ 6ی پاریس وه‌ربگرێت.  

دكتۆر سادق شه‌رفكه‌ندی‌ ساڵـی‌ 1976 گه‌ڕایه‌وه‌ تاران‌و درێژه‌ی‌ به‌ كاری‌ ماموَستایه‌تی‌ دا. شه‌ره‌فكه‌ندی‌ ساڵی‌ 1973 كاتێك له‌ پاریس خه‌ریكی خوێندنی دكتۆرا بوو، له‌ رێگای‌ "دكتۆر عبدالرحمانی قاسملو"ـه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان ئاشنا بوو‌ و بوو به‌ ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ ئێران ده‌بێته‌ په‌ردی په‌یوه‌ندی نێوان دكتۆر قاسملوو ‌و ئه‌ندامانی‌ كۆنی‌ حیزبی دیموكرات. دوای‌ رووخانی‌ ریژیمی‌ پاشایه‌تی‌‌و ده‌سـتپێكردنه‌وه‌ی‌ تێكۆشانی‌ ئاشكرای‌ حیزبی‌ دێموكرات، ساڵی‌ 1979 بوو به‌ راوێژكاری‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی ‌‌و له‌ شوباتی ساڵی ‌1980دا له‌ كۆنگره‌ی‌ چواره‌می‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا كه‌ له‌ مه‌هاباد به‌ڕێوه‌چوو بوو به‌ ئه‌ندامی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ و به‌رپرسایه‌تیی‌ كومیته‌ی‌ تارانی ئه‌و حیزبه‌ی‌ پێ‌ ئه‌سپێردرا.

سه‌ره‌تای‌ هاوینی‌ ساڵـی‌  1980 له‌ لایه‌ن رێبه‌رایه‌تیی‌ حیزبی دیموكراته‌وه‌ بۆ كاری‌ ته‌واو وه‌خت بانگ كرایه‌وه‌ كوردستان‌ و له‌ پلینۆمی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندیدا‌ له‌ هاوینی‌ ساڵـی‌ 1980دا به‌ ئه‌ندامی‌ ده‌فته‌ری سیاسیی‌ هه‌ڵبژێردرا. له‌ كۆنگره‌كانی‌ پێنجه‌م، شه‌شه‌م، حه‌وته‌م، هه‌شته‌م‌و نۆهه‌می‌ حیزبدا هه‌موو جارێ‌ به‌ ئه‌ندامی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌‌و له‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندییشدا هه‌موو جارێ‌ به‌ ئه‌ندامی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌ هه‌ڵبژیردراوه‌ته‌وه‌.

دكتۆر سادق شه‌رفكه‌ندی‌ له‌ حیزبی دیموكراتدا زۆرتر به‌رپرسایه‌تیی‌ به‌شی‌ (رادیو‌و چاپه‌مه‌نی‌)ی‌ له‌ ئه‌ستۆ بوو‌و له‌ ساڵی‌ 1986ـه‌وه‌ هه‌تا كاتی‌ شه‌هید بوونی‌ "دكتۆر قاسملوو" جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ بوو. سادق شه‌رفكه‌ندی‌ له‌ یه‌كه‌م پلینومی‌ دوای‌ تیرۆر كردنی دكتۆر قاسملوودا له‌ 13ی ته‌مه‌زی 1989دا، به‌ تێكڕای‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ به‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزبی دیموكرات هه‌ڵبژیردرا‌و له‌ كۆنگره‌ی‌ نۆیه‌می‌ ئه‌و حیزبه‌وه‌ تا كاتی‌ تیرۆر كردنی له‌ رێكه‌وتی‌17ی‌ سیپتامبری‌ 1992 سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران بوو.