شاجوانی‌ كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی‌ ئێن ئارتی‌: پێشبینیم نه‌ده‌كرد ببم به‌ شاجوان

‌ 13543 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه 7/7/2012 14:12:00
گۆڕینی فۆنت

تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ڕی‌ ئێن ئارتی‌

شێنێ عه‌زیز ته‌مه‌ن 19 ساڵ كه‌ دره‌نگانێكی‌ شه‌وی‌ 28 ی‌ حوزه‌یران، به‌  شاجوانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی‌ ئێن ئارتی‌ باس له‌ ژیانی‌ خۆی‌ ده‌كات و وه‌ڵامی‌ ئه‌و ره‌خنانه‌ش ده‌داته‌وه‌ كه‌ كه‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ به‌ شاجوان ئاڕاسته‌ی‌ كراون.

شێنێ  له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌و پێشبینی‌ نه‌كردووه‌ رۆژێك له‌ رۆژان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان فیستیڤاڵێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌ویش به‌شداری‌ تێدا بكات و پله‌ی‌ یه‌كه‌م به‌ده‌ستبهێنێت.

ئێن ئارتی‌: ساڵی چه‌ند چوون بۆ ئه‌وروپا، ژیانی منداڵیت له‌كوێ به‌سه‌ربرد؟

شێنێ عه‌زیز: ساڵی‌ 2001 چووم بۆ ئه‌وروپا، ژیانی‌ منداڵیم له‌ كوردستان به‌سه‌ربرد له‌شاری‌ رانیه‌ تا ته‌مه‌نی‌ شه‌ش ساڵی‌.

 ئێن ئارتی‌: چ بڕوانامه‌یه‌كی زانستیت به‌ده‌ستهێناوه‌، چه‌ند زمان ده‌زانیت؟

شێنێ عه‌زیز: شه‌شی‌ ئاماده‌یی كوردستانم ته‌واوكردووه‌ به‌س لێره‌ له‌ نه‌رویج تا پۆلی‌ 13 ئه‌خوێنین، چوار زمان ده‌زانم (كوردی‌، نه‌رویجی‌، ئینگلیزی‌، هندی‌).

ئێن ئارتی‌: باس له‌وه‌ده‌كرێت له‌نه‌رویج له‌گروپی هونه‌ریدا كارتكردووه‌و له‌چه‌ند كورته‌ فیلمێكیشدا به‌شداریتكردووه‌، ده‌كرێت پێمان بڵێیت له‌و كاته‌وه‌ چویته‌ نه‌رویج له‌چه‌ند گروپ كارتكردووه‌و له‌چ بوارێكدا؟

شێنێ عه‌زیز: له‌ نه‌رویج له‌ هیچ گروپێكدا نیم، ته‌نها سه‌ربه‌خۆ ئیشم كردووه‌ چه‌ند كورته‌ فیلمێك و شانۆگه‌ریه‌كم كردووه‌ له‌ نه‌رویج، كورته‌ فیلمی‌ نه‌رویجی‌ و كوردی‌ كه‌ هێشتا پێشكه‌ش نه‌كراون یان پیشان نه‌دراون. له‌ گروپێكی‌ هندی‌ دانسم ئه‌كرد، وه‌كو نمایشی‌ جلوبه‌رگیش ئیشم كردووه‌ بۆ چه‌ند ماركه‌یه‌ك، یه‌كێك له‌ كورته‌ فیلمه‌كان له‌سه‌ر توندوتیژی‌ به‌رانبه‌ر ئافره‌تان و ئه‌وانی‌ تر له‌سه‌ر ژیانی‌ گه‌نجایه‌تی‌ كه‌خۆشه‌ویسترین هاوڕێت ئه‌توانێت ببێت به‌ دوژمنت.

ئێن ئارتی‌: چۆن بوو بیرت له‌وه‌كرده‌وه‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ كوردستان بۆ به‌شداریكردن له‌ كێبڕكێی شاجوانی كوردستان؟

شێنێ عه‌زیز: چه‌ند كه‌سێك پێیان وتم و هانیاندام كه‌ به‌شداری‌ بكه‌م له‌م پێشبڕكێیه‌ منیش خۆم زۆرم حه‌ز كرد و بڕوام به‌ خۆم هه‌بوو بۆیه‌ هاتمه‌وه‌، هه‌رگیز په‌شیمان نیم.

ئێن ئارتی‌: بۆچونی دایك و باوكت چۆن بوو له‌سه‌ر به‌شداریكردنت له‌و كێبڕكێیه‌، هانیاندایت به‌شداری بكه‌یت؟

شێنێ عه‌زیز: به‌ڵێ بێگومان، دایك و باوكم هه‌موكات هانده‌رم بوون له‌هه‌موو كارێك كه‌ حه‌زم كردبێت بیكه‌م له‌ ژیانمدا، له‌ هه‌مان كاتدا ئاگاداری‌ ئه‌وه‌ بوون كه‌ به‌ رێگه‌ی‌ راستدا بڕۆم.

ئێن ئارتی‌: له‌سه‌ره‌تاوه‌ متمانه‌ت به‌خۆت هه‌بوو كه‌ له‌و كێبڕكێیه‌ سه‌رده‌كه‌ویت؟

شێنێ عه‌زیز: هه‌موو كه‌سێك باوه‌ڕی‌ به‌خۆی‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌ركه‌وێت له‌هه‌موو كارێكدا، له‌ هه‌مان كاتدا ترسێك هه‌ر هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌م پێشبڕكێیه‌دا چونكه‌ كچی‌ زۆر جوان و زیره‌كمان تیدابوو، یه‌ك له‌یه‌ك زیره‌كترو جوانتر.

ئێن ئارتی‌: له‌ناو ركه‌به‌ره‌كانتدا پێتوابوو كێ ركه‌به‌ری سه‌ره‌كیته‌ بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌؟

شێنێ عه‌زیز: من نه‌ك له‌و پێشبڕكێیه‌دا له‌ ژیانیشمدا كه‌س وه‌كو ركه‌به‌ر دانانێم، ته‌نها به‌ رێگه‌ی‌ خۆم ده‌ڕۆم و شتی‌ باش له‌ هه‌موو كه‌س وه‌رده‌گرم و خۆمی‌ پێ باشتر ده‌كه‌م.

ئێن ئارتی‌: پێشبینیتده‌كرد رۆژێك له‌كوردستان مه‌راسیمێكی له‌و شێوه‌یه‌ سازبكرێت تۆش به‌شداری تێدا بكه‌یت و پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ستبهێنیت؟

شێنێ عه‌زیز: نه‌خێر پێشبینیم نه‌ده‌كرد.

ئێن ئارتی‌: هه‌ستت چۆن بوو كه‌ ناوت وه‌كو براوه‌ی كێبڕكێیه‌كه‌ ئاشكراكرا و تاجه‌كه‌ خرایه‌ سه‌ر سه‌رت؟

شێنێ عه‌زیز: زۆر خۆشحاڵ بووم و فرمێسكی‌ خۆشحاڵیم له‌چاو هاته‌ خوار، یه‌ك فرمێسك مانای‌ هه‌زار وشه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، له‌و كاته‌دا هه‌ستی‌ خۆم به‌و فرمێسكه‌ ده‌ربڕی‌.

ئێن ئارتی‌: وه‌ك لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن پێیان وتن مه‌رجه‌كانی ئه‌وان چی بوو بۆ هه‌ڵبژاردنی شاجوان؟

شێنێ عه‌زیز: مه‌رجی‌ شاجوان دیاریكراوه‌ له‌ هه‌موو وڵاتێكی‌ جیهاندا، بۆیه‌ ئێمه‌ خۆمان ئه‌مانزانی‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان چی یه‌، ئێمه‌ نه‌مانزانی‌ لیژنه‌كه‌ كێ یه‌ تا ئه‌وكاته‌ی‌ له‌سه‌ر مه‌سره‌ح بینیمان، پێش ئه‌وه‌ نه‌مانزانی‌ كێن.

ئێن ئارتی‌: یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن كه‌ پزیشكێكی جوانكاری لوبنانیه‌ ده‌ڵێت چاوی به‌ تۆ و ئه‌و كچانه‌ی دیكه‌ی به‌شداری پێشبڕكێكه‌یان كردبوو كه‌وتووه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌به‌یروت، سه‌ردانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ به‌چ مه‌به‌ستێك بوو؟

شێنێ عه‌زیز: نه‌من و نه‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌شداری‌ شاجوانی‌ كوردستانیان كردووه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ به‌یروتمان نه‌بینیوه‌، وابزانم هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتوون، ئه‌و مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ زانیاری‌ هه‌یه‌ له‌ باره‌ی‌ جوانكاری‌.

ئێن ئارتی‌: ئایا تائێستا هیچ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی جوانكاریت كردووه‌، ئه‌گه‌ر نه‌تكردووه‌ به‌نیازنیت له‌داهاتوودا نه‌شته‌رگه‌ریی له‌و بواره‌ بكه‌یت؟

شێنێ عه‌زیز: نه‌خێر من نه‌مكردووه‌ و بیریشم لێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ی‌ كردم پێتان ده‌ڵێم.

ئێن ئارتی‌: بیرت له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیریی ئه‌نجام بده‌یت، مه‌رجی‌ تۆ چییه‌ بۆ ئه‌و كوڕه‌ی‌ دێته‌ خوازبێنیت؟

شێنێ عه‌زیز: نه‌خێر جارێ بیرم لێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌وێت خوێندنه‌كه‌م به‌ده‌ستبهێنم له‌ پێشدا.
من چونكه‌ بیرم له‌ شوكردن نه‌كردووه‌ته‌وه‌ بیرم له‌ مه‌رجه‌كانم نه‌كردووه‌ته‌وه‌ به‌س چونكه‌ پرسیارتكرد ئه‌و مه‌رجه‌ی‌ كه‌ تێیدابێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆشنبیر بێت.

ئێن ئارتی‌: دوای به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و نازناوه‌ راتگه‌یاند كه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ كوردستان و له‌هه‌ولێر نیشته‌جێ ده‌بیت، به‌نیازیت چ كارێك بكه‌یت؟

شێنێ عه‌زیز: به‌ڵێ به‌شانازییه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ وڵاته‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م، ئێمه‌ بۆ ئه‌مساڵ پلانمان زۆره‌، یه‌كێك له‌ پلانه‌كانمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوردستان به‌ وڵاتان بناسێنین وه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ هه‌ولێر بكه‌ین به‌ پایته‌ختی‌ گه‌شتوگوزار.

من جارێ هه‌موو مێشك و توانام ئه‌خه‌مه‌ سه‌ر كاری‌ وڵاته‌كه‌م ئه‌و پلانه‌ی‌ كه‌ دامان ناون به‌ ده‌ستی‌ بهێنین، دوای‌ كه‌ خه‌ونی‌ وڵاته‌كه‌م هێنایه‌ دی‌ ئه‌و كاته‌ بۆ خه‌ونه‌كانی‌ خۆم ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌.

ئێن ئارتی‌: وه‌ڵامت چییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌خنه‌ت لێده‌گرن و ده‌ڵێن شێنێ له‌نه‌رویج گه‌وره‌بووه‌ ده‌بوو كچێكی دانیشتووی كوردستان تاجی شاجوانی بخرایه‌ته‌ سه‌ر؟

شێنێ عه‌زیز: من رێزیان لێ ده‌گرم و ئه‌وه‌ بۆچونی‌ خۆیانه‌، راسته‌ دانیشتووی‌ كوردستان نیم به‌س ئه‌و وڵاته‌ نازداره‌ نه‌ له‌مێشكم نه‌ له‌ دڵم ده‌رچووه‌ وه‌ هه‌رگیز ده‌رناچێت، من كوردم به‌س ته‌نها له‌ وڵاتێكی‌ تر گه‌وره‌ بووم.

ئێن ئارتی‌: فه‌رهاد پیرباڵ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی شاجوان ده‌ڵێت زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ عه‌ره‌ب بوون بۆیه‌ روخسارێكی عه‌ره‌بیانه‌یان هه‌ڵبژارد، وه‌ڵامی تۆ چییه‌ ئایا پێتوایه‌ روخساری تۆ عه‌ره‌بیانه‌یه‌؟

شێنێ عه‌زیز: لیژنه‌ له‌ چوار عه‌ره‌ب، سێ كورد، یه‌ك پۆلۆنی‌ پێكهاتبوو، هیوادارم ئێوه‌ش بیبینن له‌ به‌رنامه‌كه‌دا ئه‌گه‌ر كاك فه‌رهاد بڵێت من له‌عه‌ره‌ب ده‌چم ئه‌وه‌ بۆچونی‌ خۆیه‌تی‌ و سوپاسی ده‌كه‌م، چونكه‌ ئافره‌تی‌ عه‌ره‌ب تا بڵێی‌ جوانن.

 ئێن ئارتی‌: چ جۆره‌ وه‌رزشێك ئه‌نجام ده‌ده‌یت، ئایا به‌شداری هیچ پاڵه‌وانێتی و خولێكت كردووه‌؟

شێنێ عه‌زیز: چه‌ند ساڵێك له‌ تۆپی‌ ده‌ست باشدار بووم، جار به‌جار پایسكیل سواری و مه‌له‌ش ئه‌كه‌م، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وپێش كێبڕكێی راكردنم كردووه‌و پله‌ی‌ یه‌كه‌مم به‌ده‌ستهێناوه‌ چه‌ند جارێك.

ئێن ئارتی‌: لیژنه‌كه‌ پێی رانه‌گه‌یاندی كه‌ زیاتر له‌به‌ر چ هۆكارێك تۆیان بۆ ئه‌و نازناوه‌ هه‌ڵبژارد، به‌شێك له‌خه‌ڵكی ده‌ڵێن باڵای شێنێ هۆكاری سه‌ره‌كی بووه‌؟

شێنێ عه‌زیز: لیژنه‌ دوای‌ به‌رنامه‌كه‌ هاتن بۆلام و پیرۆزباییان لێكردم و وتیان نه‌ك له‌به‌ر به‌ژن و باڵات كه‌ هۆی‌ سه‌ره‌كی‌ بوو تۆمان هه‌ڵبژارد، به‌ڵكو زمان و رۆشنبیری‌ تۆ شێوازی‌ قسه‌كردن و روخسار، رۆشتن و ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ به‌خۆم هه‌مبوو له‌سه‌ر مه‌سره‌ح ئه‌وان باوه‌ڕیان پێكرد.

ئێن ئارتی‌: دوای هه‌ڵبژاردنت بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ قسه‌ت به‌ خه‌ڵكی سلێمانی وتووه‌، ئه‌وه‌ تا چه‌ند  راسته‌؟

شێنێ عه‌زیز: ئه‌وكاته‌ی‌ كه‌ ئه‌و قسانه‌ به‌ناوی‌ من بڵاوكرایه‌وه‌ ته‌نها یه‌ك موقابه‌له‌م كردبوو، ئه‌گه‌ر هه‌ر سایتێك وای‌ وتبێ ئه‌وه‌ راست نییه‌، لای‌ من نه‌ك شاره‌كانی‌ كوردستان به‌یه‌ك چاو سه‌یر ده‌كه‌م، به‌ڵكو هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستان به‌یه‌ك چاو سه‌یر ده‌كه‌م هه‌مووی‌ له‌لای‌ من خۆشه‌ویستن، هیوادارم چۆن قسه‌ی‌ ناخۆش دروستده‌كه‌ن به‌ناوی‌ منه‌وه‌، ئه‌و قسانه‌ی‌ كه‌ خۆم ده‌یكه‌م بگاته‌وه‌ ئه‌و كه‌سا به‌ڕێزانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌م.

ئێن ئارتی‌: تۆ له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا له‌هه‌ولێر راتگه‌یاند كه‌ هیچ په‌یجێكت له‌ فه‌یس بوك نییه‌، به‌نیازنیت په‌یجێكی تایبه‌ت به‌ خۆت له‌ فه‌یس بوك بكه‌یته‌وه‌ تا خه‌ڵك بۆچونه‌كانی خۆیان بگه‌یه‌نن پێت؟

شێنێ عه‌زیز: راسته‌ من په‌یجی‌ فه‌یس بوكم نییه‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ كراون دیاره‌ له‌ خۆشه‌ویستی‌ كراوه‌، سوپاسیان ده‌كه‌م جارێ به‌ته‌ما نیم ، به‌س كه‌ی‌ كردم رای‌ ده‌گه‌یه‌نم به‌هه‌موتان.

ئێن ئارتی‌: قسه‌ت چییه‌ بۆ ئه‌و كچانه‌ی له‌به‌ر دابونه‌ریت و رێگری كۆمه‌ڵگا نه‌یانتوانی به‌شداری كێبركێكه‌ بكه‌ن؟

شێنێ عه‌زیز: هه‌ر هۆكارێك بێت هیوادارم من بتوانم وه‌كو پردێك ئه‌وان به‌سه‌ریدا بڕۆن، من ئه‌بم به‌و كه‌سه‌ كه‌ ئه‌و رێگایانه‌ی‌ كه‌ داخراون بیانكه‌مه‌وه‌، هه‌موو كچێكی‌ كورد لای‌ من خۆشه‌ویسته‌، هه‌ر خه‌ونێكیان هه‌بێت هیوادارم بتوانن بیهێننه‌ دی‌، هیوادارم من بتوانم ببم به‌ یارمه‌تی‌ ده‌ریان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك، له‌ هه‌مانكاتدا هه‌موو كه‌سێك پێویستی‌ به‌ هانده‌ره‌، من چۆن شانازی‌ به‌ كه‌س و كاری‌ خۆم ئه‌كه‌م كه‌ هاریكاری‌ من ده‌كه‌ن، دڵنیام ئه‌وه‌ كچانه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هانده‌ریان هه‌بێت له‌وه‌ زیاتر شانازیان پێوه‌ ئه‌كه‌ن.

ئێن ئارتی‌: ئه‌گه‌ر دابونه‌ریتی كورده‌واری ره‌چاونه‌كرایه‌ به‌شداریت له‌ كێبركێكه‌ ده‌كرد؟

شێنێ عه‌زیز: نه‌خێر من بۆیه‌ به‌شداریم كرد له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر كلتورو دابونه‌ریتی‌ كورده‌واری‌ كرا.

تێبینی‌: بۆ بینینی‌ وێنه‌كان به‌گه‌وره‌یی كلیك له‌سه‌ر وێنه‌كان بكه‌.