بارانى دەستکرد وەک رێگا چارەیەک بۆ کەمکردنەوەى خۆڵبارین
PM:09:15:06/07/2022
13780 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولموتەلیب رەفعەت
+
-
دەرهاوێشتەکانى
دیاردەى گۆرانکارییەکانى کەش وهەوا و وشکەساڵى وخۆڵبارین لە هەموو جیهان ئەوەندە
قورس وسامناکن وایان لە پسپۆرانى ژینگە کردووە دەست ببەن بۆ هەموو رێگە چارەیەک ئەگەر
رێژەى سەرکەوتنیشى زۆر کەم بێت. یەکێک لە رێگا چارەکان کە زۆرێک لە وڵاتانى جیهان
دەستیان بۆى بردووە رێگەى بارانى دەستکردە. بارانى دەستکرد وەکو چەمک ووەکو تەکنیک
تازە نییە, بەڵکو لە ساڵى ١٩٤٧ یەکەم جار لە وڵاتى ئۆسترالیا بەکارهێنرا لە لایەن
دەزگاى کۆمێنوێڵسەوە بۆ توێژینەوەى زانستى وپیشەسازى, وسەرکەوتنێکى باشى تۆمار
کرد. بۆیە ئەم تەکنیکە زیاتر پەرەى سەند ودوا جار ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا
وهەندێ وڵاتى تر پەیڕەویان کرد. وئێستا زیاتر لە ٤٠ وڵات ئەم تەکنیکە پەیڕەو دەکەن
لە هەندێ وڵات رێژەى سەرکەوتنى مامناوەندىبەدەستهێناوەو لە هەندێکى وەکو پێویست نییە,
بەڵام تا ڕادەیەک ئەنجامى هەبووە. لە نێو وڵاتە عەرەبیەکاندا وڵاتانى سعودیە, مەغریب,
عومان وئیمارات ساڵانێکە پەیڕەویان کردووە, تەنانەت وڵاتى ئیمارات دەزگایەکى توێژینەوەى
تایبەتى بەم تەکنیکە دامەزراندووە بە مەبەستى زیادکردنى رێژەى باران لەو وڵاتە.
ولە ئێستادا وڵاتى
ئەردەن یەکێکە لەو وڵاتانەى بە جدى ئەم بابەتەى وروژاندووەو دەیەوێ جێبەجێى بکات بە
هۆى ئەوەى کە وڵاتى ئەردەن یەکێکە لەو وڵاتانەى بەدستى کەم ئاوى وکەم بارانیەوە دەناڵێنێت.
ئەوەى بەدى دەکرێت ئەوەیە کە وڵاتە عەرەبیەکان گرێبەستیان کردووە لە گەڵ دەزگاى توێژینەوەى
تایبەت بەم تەکنیکە لە ئۆسترالیاو ئەمریکا. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەى کە ئەم تەکنیکە
تێچووى زۆر بەرزەو ئاسان نییە وپێویستى بە شارەزایى تەواو هەیە لەو بوارە. بۆیە ئەستەمە
لە عیراق وهەرێمى کوردستان بە ئاسانى جێبەجێ بکرێت بە تایبەتى لە گەڵ ئەم بارودۆخە
نەخوازاراوە لە گەندەڵى وبەهەدردانى سامانى گشتى وڵات.
بارانى دەستکرد یا
پیتاندنى هەور (Cloud Seeding) تەکنیکێکە هەندێ مادەى کیمیاویى هاندەر
تێیدا بەکاردەهێنرێ بە مەبەستى زیادکردنى چڕى هەور لە ناوچەیەکى جوگرافى دیاریکراو
بەمەبستى گۆڕینى دۆخى هەور لە دۆخى گازییەوە بۆ دۆخى شل (بە شێوەى باران). ئەو مادەە
کیمیاویانە بریتین لە (یۆدیدى زیو) کە باوترین ماددەیە لەم تەکنیکە بەکاردەهێنرێت,
هەروەها هەندێ خوێ ومادەى کیمیاوى تر هەیە کە لەم تەکنیکە بەکاردەهێنرێت وەکو: کلۆریدى
صۆدیۆم, کلۆریدى کالسیۆم, وکلۆریدى پۆتاسیۆم, ودووەم ئۆکسید کاربۆنى بەستوو. ومەبەستى
سەرەکى لەم تەکنیکە دابارینە بە ئامانجى ئاودێرى, جێگیرکردنى بیابانەکان (بۆ رێگریکردن
لە دیاردەى خۆڵبارین), زیادکردنى پۆشاکى ڕوەکى, دابەزاندنى پلەى گەرمى, گەشەسەندنى
لەوەڕگا سروشتی ودەستکردەکان, وزیادکردنى ئاستى ئاوى بەنداوەکان بە تایبەتى ئەگەر
لە شوێنێکى جوگرافى فراواندا پەیڕەو کرا.
تایبەت بە جێبەجێ
کردنى ئەم تەکنیکە دەزگاو ئامێرى زۆر هەیە بەکاربهینرێت بۆ پرۆسەى پیتاندنى هەور وەکو
فڕۆکە, فرۆکەى بێ فڕۆکەوان, بۆمبی ئەمبارکراو بەو ماددانە تەنانەت ئەتوانرێ مولیدەى
کارەبایى بەکاربهێنرێت بۆ ئەو مەبەستە. بەڵام ئەم تەکنیکە ناگونجێ لە گەڵ هەموو جۆرە
هەورێکدا وباشترین جۆرى هەور لەم تەکنیکە هەورى روکامییە. وپێویستە لە کات وساتى دیاریکراو
ئەنجام بدرێت وئاراستەو خێرایى با بزانرێت, وزۆر پێویستى بە دەزگاى کەشناسى پێشکەوتوو
هەیە لە وڵاتەکە. بۆ ئەوەى لە نزیکەوە ئاگادارى هەر گۆرانکارییەک بن کە رودەدات بە
تایبەتى لەم سەردەمە کە زۆرێک لە دەزگاکانى کەشناسى جیهانى کەوتونەتە هەڵەى زۆر گەورەوە
لە پێشبینیەکانیان بە هۆى گۆرانکارییەکانى کەش وهەوا.
ئەوەى پێویستە
بزانرێت ئەوەیە کە ئەم رێگایە لە ناچارى نەبێ نابێ پەیڕەو بکرێت چونکە هەرگیز بە جێگرەوەى
بارانى ئاسایى دانانرێت وتێچووى جێبەجێ
کردنى زۆر بەرزە لە رووى ئابوریەوە. وتەنها ئەتوانرێ وەکو رێگایەکى تەواوکار پەیڕەو
بکرێت لە کاتى نەبونى باران بۆ ماوەیەکى درێژخایەن. لە لایەکى ترەوە ئەو ماددانەى
کە بۆ پیتاندنى هەور بەکاردەهێنرێت ماددەى کیمیاوى وهەندێکیان زیان بەخشن بە تایبەتى
(یۆدیدى زیو) کە زیانى هەیە بۆ ژینگە, ئاژەڵ ومرۆڤ تەنانەت کاریگەرى لە سەر کواڵیتى
خاک وسەرچاوەکانى ئاو هەیە.
وبە پێچەوانەشەوە
ئەم تەکنیکە لە زۆرێک لەو وڵاتانە پەیڕەو دەکرێت کە ساڵانە پلەکانى گەرمى بە شێوەیەکى
بەرچاو دادەبەزن یا بارانى بەهێز دەبارێت ودەبێتە هۆکارێک بۆ لەناوبردنى بەروبومە
کشتوکاڵیەکان. بۆیە هەندێ مادەى جیاواز لە ڕێگەى ئەم تەکنیکەوە بەکاردەهێنرێت بۆ کەمکردنەوەى
چڕى هەورەکان یا زیادکردنى پلەى گەرمى تا ڕادەیەک. بەم کارەش زیانەکانى سەر کەرتى
کشتوکاڵ کەمتر دەکاتەوە.
ولە رووى ئاینیەوە
هەندێ لە زانایانى ئیسلام بە رێگەیەکى خراپى دادەنێن چونکە ئەم جۆرە تەکنیکە هۆکارێکە
بۆ رێگریکردن لە دابارین لە شوێنەکانى تر. وبە جۆرێک لە بڕینى رزق وقوتى مرۆڤەکان
دادەنرێت وزانایان فەتواى تایبەتیان بەم جۆرە تەکنێکە داوە. بەڵام لە ڕاستیدا وەکو
پێشتر ئاماژەى پێکرا ئەم تەکنیکە نابێ بە درێژایى ساڵ بەکاربهێنرێت بەڵکو دەبێت زۆر
سنورداربکرێت وتەنها لەو ساڵانە پەیڕەو بکرێت کە پێشبینى پێشوەختى وشکەساڵى تێیدا
بەدیدەکرێت.