سەردێڕ:

چەک هەر چەکە

PM:12:29:02/07/2022
3668 جار خوێندراوەتەوە
عومەرمامە کوردە
+ -

چەک بە مۆڵەت بێ یان بە بەبێ مۆڵەت هەر چەکەو هەر مرۆڤ دەکوژێ، ئەگەر بێت و سەرژمێریەک بکرێ لەو رووداوی کوشتنانەی لە هەرێمی کوردستان رویانداوە دەردەکەوێ کە قوربانیەکان زۆرتر بە چەکی مۆڵەت پێدراو و بەدەستی بەرپرسی حزبی یان کەس وکارو دەستوپێوەندەکیان کوژران.

لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستان تەنها مۆڵەتیان بەو کەسانە داوە کە لە خۆیانن یان هاوئاوازی خۆیانن بۆیە بڕیارە راستەکە ئەوە نیە کە تەنها بۆ ماوەیەک وەک کاردانەوە و بۆ هەڵمژینی توڕەیی و بێزاری خەڵک شوێنەکانی چەکفرۆشتن قەدەغەبکەی بەڵکو بڕیارە راستەکە ئەوەیە کە دیاردەی چەک هەڵگرتن لەناو کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و بەپێی یاسایەکی سەردەمیانە قەدەغەبکرێت و یاساکەش بە یەکسانی بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێبکرێ نەک تەنها قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت چونکە مۆڵەتەکانی پارتی و یەکێتی بۆ چەک هەڵگرتن ئەوەندە پڕۆفیشناڵ نین، بەڵکو لەماوەی رابردوو هەر کەسێک دۆستێکی کاربەدەستی لەناو هێزە ئەمنیەکان هەبوایە توانییەتی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن وەدەستبخات، شتێکی تر بۆ رێگرتن لەو قەتل وعامەی رۆژانە بەناوی پاککردنەوەی شەرەف و تۆڵەکردنەوە دەکرێن .

یەکێکیتر لە هەنگاوەکانی بڕیارە راستەکە بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی کۆمەڵایەتی حزبەکان کە هەردەم لەکاتی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن ئەندام و کادیرە چەکبەدەستەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار فریای تاوانبار کەوتون بە پێدانی بڕێک پارەی دزراوی میللەت بە کەس وکاری قوربانی تاوانبارانیان لە سزای یاسایی رزگارکردووە و هەروەها سەروەرکردنی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگاکان و دەست نەخستنە کاروباری دادگاکان لەلایەن پارتی و یەکێتی و داڵنەدانی تاوانباران لەلایەن کەسانی و بەرپرس و دەستڕۆیشتووی هەردوو حزب یەکێکی ترە لە هەنگاوەکانی رۆیشتن بە ئاراستە راستەکەی پاراستنی کۆمەڵگا کە کەوتۆتە دڵەڕاوکێ و کەس لە سەروماڵی خۆی ئەمین نیە چونکە بەداخەوە ئەرکی سەرەکی هێزە ئەمنیەکان بۆتە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی حزب نەک پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە بێگومان ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە و دەبێ زوو چارەسەربکرێ.

گەلەری