سەردێڕ:

شەڕی دوای شەڕ و جەنگی مانەوە

PM:04:06:28/06/2022
4088 جار خوێندراوەتەوە
هۆزان قادر
+ -

هەرکەس بیەوێت لەقەهر و قێنێک کە چاوەڕوانکراوە پارێزراوبێت کورد وتەنی پێویستە خۆی نەخاتە بەر چاو و دەم و بۆ ماوەیەکیش بێت خۆی ونکات. ئەمە ڕێک ئەو جوڵە نوێیەی سەدرە کە بە کشانەوەی لە پەرلەمان و وردە وردە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەیکات.

جوڵە نوێیەکەی سەدر و گریمانەی سەرگرتن یان شکستی پلانەکەی..

پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە سەدر کاپتنی کەشتی ناڕەزایەتیەکانی عێراق و بەدیاریکراوی ناوچە شیعی نشینەکانبوو، توانی بەقوەتێکی زۆری جەماوەریەوە کە تاڕادەیەک وەک مەرجەعیەت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات و هەڵبژاردن پێشخات.

پاش بوونی بەهێزی یەکەمی عێراق و شکاندنی ئوستورەی ئێران لەنێو ماڵی شیعەدا ئیتر (حەننانە) بوو بە مەرکەزی بڕیار لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و تاڕادەیەکی زۆر جادووی ئێرانی لەنێو ماڵی شیعەدا لەبەتاڵکردەوە نزیک کردەوە. ئەمەش لەکاتێکدا کە لایەنە سیاسییەکانی نزیک لەئێران لەشپرزەییەکی زۆردابوون بەوپێیەی یەکەمین جارە باڵی "نیشتیمانی شیعە" کە سەدر نوێنەرایەتی دەکات بەو ڕادەیە کەنار گیریان بکات، واتە شۆکێکی گەورەبوو. لێ ئەمە ناکاتە ئەوەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بێدەنگبن و چاوەڕوانی ئاوابوونی خۆری خۆیان بکەن بێگومان واشبوو، توانیان ببنە سەرئێشەیەکی گەورە و سەدر بیر لە بژاردەی تر بکاتەوە.

پێکهاتەی هاوپەیمانیە نیشتیمانەکە چی بەسەردێت؟

پارتی، سەدر و سوننەکان تاڕادەیەکی زۆر بە سێ لایەنی نەتەوەیی لەنێو پێکهاتەکەی خۆیاندا دێنە هەژمار. پارتی وەک حیزبێکی نەتەوەیی کوردی، سەدر وەک نوێنەری باڵی نیشتیمانی شیعە و سوننەکانیش نمایندە و نوێنەرایەتی عەرەب. بە کشانەوەی سەدر لەپەرلەمان ئەم هاوپەیمانێتیە هەڵپەسێردرا و جوڵەکانی داهاتووی پارتی و سونە بەو ئاراستەیە نین مەیلی هاوپەیمانێتیان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی هەبێت. ئەوانیش بەتەنها ناتوانن حکومەت پێکبێنن و وەک دەردەکەوێت ئەم حکومەتە ئینتیقالیە بەردەوام دەبێت.

سەدر چی دەوێت؟

سەدر پیاوی دۆخە ڕاگوزەر و قەیراناویەکانە و هەرگیز لە کایەیەکی جێگیر و هاوسەنگدا یاریناکات، وەک دەردەکەوێت کشانەوەی لەپەرلەمان جوڵەیەکی دراماتیکی جیاوازە بەڵام بۆ؟ ئامانجەکانی پشت ئەم جوڵەیە چین؟

لەناوخۆدا موقتەدا لەوە گەیشتوە عێراق لەدەوڵەتێکی شکستخواردوەوە بەرەو دەوڵەتێکی داڕماوو بێ سیادە هەنگاو دەنێت، چیتر پینە و پەڕۆ دادی ئەم دەوڵەتە وێرانە نادات.

لە ئاستە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکەشدا ئاماژەکان پێمان دەڵێن گۆڕانێکی بنچینەیی بەڕێوەیە کەخۆی دەبینێتەوە لە دووبارە ڕەسمکردنەوەی نەخشەی سیاسی جیهان و ناوچەکە و گۆڕان لەپێکهاتەی هێز و دروستبوونی هێزی نوێ. هەموو ئەمانە گەر جارێک بۆ جیهان و ناوچەکە واردبێ بۆ عێراق دەیان جار ڕاستە.

بنەمای سەرەکی کشانەوەی سەدر لەپەرلەمان و لەداهاتوودا لەپڕۆسەی سیاسی ئەم پێشهاتانەن.

سەدر شەڕی دوای ئەو شەڕە چاوەڕوانکراوانە دەکات کە بەرۆکی عێراق دەگرێ و کۆی مەنزومەی سیاسی و ئەمنی و ئابووری عێراق سەرەولێژ دەکاتەوە، بە ئەگەرێکی زۆر ئامانجی سەدر بوونە بە بژاردەی بەهێزی وڵاتانی خاوەن نفوزی جیهانی وە بوون بە کاپتنی کەشتی عێراقی نوێ.

سەدر جەنگی مانەوە دەکات و دڵنیایە کۆی کایەی سیاسی و تەواوی کاراکتەرانی سیاسەت لەعێراق بەسەرچوون و ئەو ئەزموونەی پێشکەشیانکرد خۆیان و عێراقیان بەرەو داهاتوویەکی تاریک برد. بەم جوڵەیە پێی وایە خۆی لە توڕەیی گەلی عێراق دەپارێزێت و دەبێتە بەدیلێکی بەهێز بۆ پاش جەنگ و مانەوەی مسۆگەرە.

ئەمە وەڵامێکە داهاتوویەکی نزیک دەیداتەوە.

گەلەری