سەردێڕ:

كاتێك دەنگە جیاوازەكان دەگەنە بەر گوێی دەسەڵاتداران

AM:11:43:22/06/2022
2768 جار خوێندراوەتەوە
هیوا سەید سەلیم
+ -

لە دەستێپێكدا دەبێت بڵێین لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە دەنگە جیاوازەكان بگەنە دەسەڵاتداران، چونكە لە بەشی هەرە زۆری كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی سرووشتی دەسەڵات وایە كەمترین دەرفەت دەدات بۆ گوێگرتن لە ڕا جیاوازەكان، ئەوان هەمیشە گوێ بیستی كەسانێكی سنورداری كۆمەڵگا دەبن، ئەو دەنگانەی كە زیاتر لە خۆیانەوە نزیكن، بە خواست و ویستی ئەوان قسەدەكەن، قسەی کەسانێک کە وەک گەورەکانیان بیردەكەنەوە، هەمیشە لە ستایش و پیاهەڵدانی دەسەڵات دان.

لە چەند رۆژی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان دوو جارە دەرفەت ڕەخسا كە دەسەڵاتدارانی ئەوهەرێمە گوێبیستی دەنگ و ڕای جیاوازبن.

شایانی باسە لەم دوو جارەدا خەلكانێك دەرفەتەكەیان قۆستەوە، تا قسەی دڵی خەڵك بە گوێی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستاندا بدەن.

لە بۆنەی یەکەمدا، كە تایبەت بوو بە پەردەلادان لەسەر چەند كتێبێكی مێژووی، كەسێكی ئەكادیمی كە باگڕاوندێكی جوانی هەیە لە داكۆكی كردن لە كێشەكانی خەڵك لە ئێران و كوردستانی رۆژهەڵاتدا، لە وتاركەیدا رەخنەبارانی بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی كرد كاتێك ووتی:

"لە هەرێمی كوردستان تەنیا كۆشك و باڵەخانەتان بەرزكردۆتەوە و كارتان لەسەر پڕۆژەی ستراتیژی نەكردووە".

ئەو قسەیەی د.سادق زیبا كەلام، دەسەڵاتدارانی تووشی شۆك كرد، بەتایبەت كە ئەوان دەمێكە هیچ كەس و لایەنێك وا بە ڕاشكاوی رووبەڕوو پێی نەوتوون لە پشتی چاوتان دوو برۆ هەیە، بە تایبەت کاتێک ووتی:

" ئێوە لە كۆمەڵگای كوردستان لە نەوەیەك دابڕێندراون، كە پێی دەوترێت نەوەی نوێ".

شایانی باسە زیبا كەلام، لە نێو سەدان كەسی ئەكادیمی و رۆشەنبیری هەرێمی كوردستان ئەو قسانەی كرد، كە ئەوانی دیكە جگە لە چەپڵە لێدان و سێلڤی گرتن، كە لە هەرێمی کوردستاندا بۆتە خەسڵەتی بەشداربووانی ئەو جۆرە كۆڕ و كۆبوونەوانە ، هیچ یەكێكی دیكە جورئەتی بە خۆی نەدا وەك دكتۆر سادق ببێتە خاوەنی "زیبا كەلام" واتا قسەی جوان.

بۆنەی دووەم، كە دیداری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو لەگەل ژمارەیەك لە میدیاكاری جیاوازی هەرێمی كوردستان، لەم دیدارەدا جیاواز لە بۆنەی یەكەم بەشێك لە رۆژنامەنووس و میدیاكاران بە قسە و پرسیارە جوانەكانیان توانیان ڕایەكی جیاواز بگەیەنە سەرۆكی حكومەت، رایەك كە قسەی دڵی زۆرینەی خەلكی كوردستان بوو، لە "شكستی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، بەردەوامی دان بە ئاسەواری دوو ئیدارەی، گەندەڵی و قۆرغكاری بازاڕ، تا دەگاتە پاشكەكشەی دیموكراسی و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان"

لێرەدا پێویستە بووترێت، ئەو جۆرە کۆبونەوە و دیدارانەی دووەم بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان گرنگن، چونکە هەنگاوێک دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو دابڕانەی کە ساڵانێکە کەوتۆتە نێوانی چینی دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی خەڵک، کە بە ئاسانی دەنگیان بە گوێ بەرپرسان نەگات.

وێڕای ریزو ستایشمان بۆ ئەو دەنگە بوێرانەی کە بە ئەمانەتەوە ڕای خەڵکیان گەیاندە سەرۆکی حکومەت، گرنگە کە بۆ لەمەودوا بەرپرسانی هەرێم بەردەوام بن لەسەر سازدانی ئەو جۆرە دیدارانە، نەک ڕەخنەکانی بەشێکی ئامادەبووان لێیان، ساردیان بکاتەوە، لەوەی جارێکی دیکە کۆبوونەوەی لەم شێوەیە سازنەدەن، یان ئەگەر کراش ئەو جۆرە کەسانە بۆ کۆبوونەوکانیان بانگ نەکرێن.

جێگای تیبینیە، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و میدیاکاراندا، وەک زۆربەی جاری دیکە خەڵکانێکیش قسەیان کرد، کە قسەکانیان پیاهەڵدان و ستایشی دەسەڵات بوو، هەندێکی دیکەش ویستیان نەشیش بسووتێ نە کەباب، بەڵام دەنگی زاڵ لە نێو کۆبوونەوەکە زیاتر ئەو دەنگانە بوون کە بە دەنگی خەڵک هەژمار دەکرێن، لە راستیشدا ئەوەیە رۆڵی ڕاستەقینەی میدیای پڕۆفیشناڵ، کە دەبێت پردی پەیوەندی بێ لە نێوانی خەڵک و دەسەڵاتدا.

شایانی باسە، ئەگەرچی سەرۆکی حکومەت ئامادەنەبوو بچێتە ژێرباری تەواوی ڕەخنەکان، تەنانەت هێرشی پێچەوانەشی کردە سەر میدیاکاران و رۆژنامەنووسان بەوەی "بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستاوەن و رۆڵی خراب دەبینن لە لاوازکردنی ئینتیمای نیشتمانی لە لای خەڵک و بە تاریک نیشاندانی ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەڵام ئەوەی گرنگ بوو لەو دوو بۆنەیەدا، دەسەڵاتداران ناچارکران گوێبیستی ڕایەکی جیاواز بکرێن، ڕایەک کە نە کەسە نزیکەکانیان وێراون پێیان بڵێن نە خۆشیان لە میدیاکان دەیخوێنەوە یان دەیبینن.

بۆیە لە جیاتی ئەوەی دەسەڵاتداران خۆیان بدزنەوە لە ڕاستیەکان، بیانوو بۆ کێماسیەکان بهێنەوە، کاتی ئەوە هاتووە دەرفەتی جۆراو جۆر بڕەخسێنن بۆ دیداری چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، ئینجا تێدەگەن هۆکاری لاوازبوونی ئیتنیمای نیشتمانی کێیە؟ ئەوسا دەزانن خەڵک چەندە لە ژێر باری قورسی نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی وەک نەبوونی کارەبا پێویست وکەمی ئاو و خزمەتگوزاریەکانی دیکە دایە، قۆڕغکاری بازاڕ و گەندەڵی نادادی چەندە تینیان بۆ خەڵک هێناوە.

لە کۆتاییدا دەڵێین گوێگرتن لە دەنگە جیاوازەکان بە پلەی یەکەم خزمەت بە دەسەڵات دەکات، تا لەوە زیاتر لەسەر هەڵەو کێماسیەکانی حوکمڕانی بەردەوام نەبن، بگرە هەنگاو بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشە و گرفتەکان بنێن.

گەلەری