سەردێڕ:

پارتی و یەکێتی لەدوای قسەکانی پلاسخارتەوە

AM:11:46:18/05/2022
19904 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -

بۆ یەکەمجار لەنێو بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، بەرپرسێکی نێونەتەوەیی ململانێی پارتی و یەکێتی و رەنگدانەوەی خراپی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان لەبەردەم نوێنەری وڵاتاندا خستەڕوو. پلاسخارتی نوێنەری یۆنامی لەعێراق، دوای وتە بەناوبانگەکەی ساڵی رابردوو کە وتی قەوارەی هەرێم لەژێر مەترسیدایە، دوێنێ هەمان مەفهومی گەیاندەوە، بەڵام ئەمجارە چارەسەریشی دانا.

پلاسخارت لەوتارەکەیدا کەزۆرینەی بۆ هەرێمی کوردستان تایبەت کردبوو وتی: "لە هەرێمی كوردستان جیاوازی و ناكۆكیەكان زیاتر بوون، ئەوەش كاریگەری لەسەر هاوڵاتیان دروستكردووە.

ئەمە ئومێدێکە بۆ هاوڵاتیانی ھەرێم، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئازارەکانیان دەگات و لەوێوە دەتوانن گوشارەکان لەسەر حکومەت زیاد بکرێت بۆ باشکردنی دۆخی سیاسی و کەمکردنەوەی گەندەڵی و لەوێیشەوە باسکردنی بژێوی هاوڵاتیان.

نوێنەرەکەی یۆنامی بەئاشکرا دەڵێت:"پێویستە دابەشبوونی ناوچەی زەرد و سەوز لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت"، ئەوەشیخستەڕوو، دابەشبوونی هێزە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مەترسی دەرەكی لەسەر هەرێم زیاتر دەكات.

دوو ئیدارەیی، خراپ بەڕێوەبردن و نەبوونی ئازادی بیروڕاو گرتن بەبێ بڕیاری دادوەرو بێ بەهاکردنی رۆڵی چاودێری پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە، بەنەناردنی بودجەو نەبوونی حیساباتی خیتامی و دەستگرتن بەسەر حکومەت و پەرلەماندا بەزۆینەیەکی ساختەکراو، وابەستەیی پارتی و یەکێتی بەوڵاتانی ئیقلیمی وایکردووە مەترسی راستەقینە دروست بێت لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.

پلاسخارت بەبێ پێچ و پەنا وتی هەڵبژاردن تاکە چارەسەرە بۆ مانەوەی قەوارەی ئێستای هەرێم وەکخۆی، هەڵبژاردن لەمانگی ئەکتۆبەرداو لەوادەی خۆیدا بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێت هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو لایەنەکان بڕەخسێنیت".

بەو واتایەی کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ کارەکان بەڕێوە ببات، ساختەکاریی نەکرێت و خەڵک بڕیاربدەن کە کێ کاروباریان بەڕێوە ببات، نەک لەرێگەی ساختەکردنەوە هەوڵی گۆڕینی ئەنجامەکان بدرێت، کورتەی پەیامەکان دۆخی هاوڵاتیانی هەرێم چاکبکرێت، کۆتایی بەدوو ئیدارەیی بهێنن، ئیدی دوای سی ساڵ خەڵک ماندووەو کاتی گۆڕانکارییە، ئەو گۆڕانکارییەش بەهەڵبژاردنێک دەبێت کەرێگەتان پێنادەین ساختەکاریی تێدا ئەنجام بدەن.

گەلەری

‌بەپەلە