سەردێڕ:

پلانی نوێی ئێران بۆ عێڕاق

PM:11:13:09/05/2022
6168 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی
+ -

ئێران بەردەوام لە پلانێک زیاتر بۆ عێڕاقی هەبووە، لە پێناو مانەوەی عێڕاق وەک جوگرافیایەکی نا دەوڵەت کە درێژکراوەی دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانی ئێران بێت، پێشتر دەیانگوت عێڕاق باخچەی پشتەوەی ئێرانە، ئێستا دەبێ بگوترێ عێڕاق حەوشەی پێشەوە و بەر دەرگای ئێرانە.

بۆ قۆناغی ئاڵۆز و هەستیاری ئێستای عێڕاق ئێران دوو پلانی هەیە، کە هەردووکیان لە خاڵێکدا یەک دەگرنەوە، ئەویش بە زیاتر لێکهەڵوەشاندنەوەی عێڕاق دەبێت.

پلانی یەکەمی ئێران، بردنی عێڕاقە بە ئاراستەی دروست کردنی حکومەتۆکەی شارەکان، واتا هەر شارە و ببێتە خاوەنی حکومەتۆکەیەک و هێزێکی چەکداری تایبەت بەخۆی، ئێستا دوو حکومەتۆکەی شار بوونیان هەیە، لە سلێمانی و لە ناسریە، ئەوەش دەرئەنجامەکەی لە ئێستاوە دیارە کە پەیڕەو کردنی سیاسەتی پەرتکە و زاڵ بەیە، لەو رێگایەوە لایەنەکان بخاتە بەردەم دوو بژار یان حکومەتێکی ئێرانی دروست بکەن یان ئێران شتێک ناهێڵێ بەناوی حکومەت و دەوڵەت.

پلانی دووەمی ئێران، کە رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا بە دیار بکەوێ، هێنانە سەر خەتی مەرجەعیەتی باڵای شیعەیە لە نەجەف بۆ ئەوەی قسەی کۆتایی بۆ کۆتایی هێنان بەو دۆخە بکات و شێوازی چارەسەرەکە دیاری بکات، بۆ ئەوەیان پێدەچی ئێران سوود لە مەترسیەکانی محەمەدی کوڕە گەورەی عەلی سیستانی وەربگرێ کە بەرامبەر موقتەدا سەدر لەلای دروست بووە، کە ئەوە خاڵی هاوبەشی ئێران و محەمەد سیستانیە هەردووکیان موقتەدا وەک مەترسی لە سەر دیاریکردنی جێگرەوەی عەلی سیاستانی دەبینن، جیاوازیەکەش ئەوەیە موقتەدا و ژمارەیەکی زۆری پیاوانی ئایانی و سیاسیەکانی شیعە و غەیرە شیعە دەستیان کردووە بە باسکردنی ئەوەی کە دەبێت شوێنگرەوەی سیستانی ئەوجارەیان عەرەبێکی عێڕاقی بێت، ئەوەش واتای دوورخستنەوەی محەمەد سیستانی و ئەو مەرجەعیانەی دیکەیە کە بۆ وەرگرتنی ئەو پایە ناویان دێ کە هیچیان نە عەرەبن و نە عێڕاقی.

پێشبینی ئەوە دەکرێ ئێران لە رێگای مەرجەعیە زەبرێکی کوشندە لە موقتەدا سەدر بدات بەوەی کە مەرجەعیە رایبگەیەنێ، کە ئەوان رێز لە دەستور و ماوە و رێکارە یاساییەکان دەگرن، لەبەر ئەوەی ماوەی یاسایی و دەستوری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت کۆتایی هاتووە، مەرجەعیەت پاڵپشتی لە دووبارەکەردنەوەی هەڵبرادن دەکاتەوە.

گەلەری