سەردێڕ:

كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌كادیمی له‌ سایه‌ی سیسته‌می مۆبۆكراسی دا

PM:10:22:11/02/2022
5524 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مه‌لا كه‌ریم
+ -

کۆمەڵگەی ئەکادیمی (academic community)
مەبەست لەم چەمکە ئەو ناوەند و دەزگا زانستیانەیە کە زانست و زانیاری جۆراوجۆر دەگوازێتەوە بۆ ئەو خوێندکارانەی کە وانەی تێدا دەخوێنن. بەمپێیەش کۆمەڵگەی ئەکادیمی ھەرکەس دەگرێتەوە کە سەربەو دەگازیە بێت ( بەتایبەت مامۆستا و خوێندکار )، لە کارگوزار و کامەندێکەوە تا مامۆستایەک و سەرۆکی ئەو دەزگا ئەکادیمیە.
سیستەمی مۆبۆکراسی (system Mobocracy) 
(مۆبۆکراسی) بەم جۆرە ووڵاتانە دەوترێت کەسانی ناشارەزا و کەسانی نەزان و کەسانی بێ توانا ووڵات بەڕێوە دەبەن. یاخود ئەم دۆخە کاتێک دێتە پێش بەھۆی بوونی گێژاوی سیاسی و یاسایی لەم ووڵاتەدا لێرەدا پایەکانی دەوڵەت بەرەو لەناو چوون دەچن. لێرەوە خەڵک تووشی دۆخێکی ناھەموار و دژوار دەبن، ئەم دۆخە کاتێک دروست دەبێت ووڵات بە دروشم دیموکراسی و بە کردار ووڵاتێکی دیکتاتۆریەو خەڵک ھەست بە بوونی نادادی کۆمەڵایەتی و نا یەکسانی دەکەن لە ئەرک و ماف دا. (فەرھەنگی جیھانی سێیەم October ٦, ٢٠١٦ ·)
لە نێو سەرجەم میللەتان و گەلانی پێشکەوتوو، ( کۆمەڵگەی ئەکادیمی) وەک ناوەندێکی مەعریفی، ئەکادیمی، پەروەردەیی ، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، سەربەخۆ؛ دێتە ھەژمار و ‌ یەکێکە لە ( گەرەنتیەکانی ) پەرەسەندنی دروستی ھەر کۆمەڵگەیەک . ھاوکات ( زانکۆ) یەکێکە لە میکانیزمەکانی ئامادەسازی و برەودانی توانا مرۆییەکان کۆمەڵگەی ئەکادیمی و خوێندنی باڵاش وەک یەکێک لە ناوەندە کاریگەرەکانی کۆمەڵگە لە پەروەردە و پێگەیاندن و ھەروەھا ئاراستەو رێنمایی تاکەکان، رۆڵی کاریگەر و ئەکتیڤی ھەیە.
بەڵام لەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتێکی دۆگما و مۆبۆکراسی بەڕێوەی دەبەن،سەرباری ئەم گرنگی و بایەخەی کە زانکۆ و کۆمەڵگەی ئەکادیمی ھەیەتی لە پەرەپێدانی کۆمەڵگە و پێشکەوتن و شارستانیبوون، دەڵێین: سەرباری ئەو گرنگی و بایەخە، ئەوەی مایەی نیگەرانی و جێی ھەڵویستە لەسەرکردنە - وەک توێژینەوەکان ئاشکرایان کردووە و واقیعی حاڵیش لە دورو نزیک دەیسەلمێنێ- ئەو دابەزینە بەرچاو و کەموکوڕیە زۆرەیە لە سەرجەم سێکتەرەکانی کۆمەڵگەی ئەکادیمی و دەزگا مەعریفیەکان ھەستی پێدەکرێ لەو وڵاتانەی دەسەڵاتێکی دواکەوتوو مۆبۆکراسی بەڕێوەی دەبات".
ئەمپەرتەوازەیی و دواکەوتوویەی کۆمەڵگەی ئەکادیمی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێ پاڵنەری نەرێنی و دەرەنجامی فاکتەرگەلێک، لەوانە:
-ھەژمونی عەقڵیەتی تەکەتولاتی و پراگماتیزمی .
-دەسەڵاتی مۆنۆپۆلی و میلیتاری.
-سەقەتی و ناتەندروستی سیستەمی سیاسی و کارگێڕی دەوڵەت - کە ئەمەی کۆتایی گرێ کوێرەی گریەکانەو خۆرەی لەناوبردنی توانا مرۆییەکانە ‌و شێرپەنجەی جەستەی کۆمەڵگەی ئەکادیمیە، کە بەھا ئەکادیمیەکان لە ئامێزیدا مەرگی خۆیان دەبیننەوە.
سەرجەم ئەو فاکتەرانەش کاریگەری راستەوخۆیان دەبێت و کۆمەڵگەی ئەکادیمی لە ھێزێکی ئەکتیڤەوە پەلکێش دەکەن بۆ ناوەندێکی دواکەوتوو پاسیف.
لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوویش، توێژەری ئەمەریکی ( Woodrow Wilson)و ھاوڕاکانی، دروشمی (جیاکردنەوەی سیستەمی سیاسی لە سیستەمی کارگێری)یان بەرز کردەوە، ئەمەش دوای دەستتێوەردانی پارتە سیاسیەکان بوو لە کاروباری گشتی و سیستەمی کارگیڕی و کۆمەڵگەی ئەکادیمی و پیادەکردنی سیاسەتی ( تەکەتولاتی و دوورخستنەوەی نەیاران و خەڵکانی پرۆفیشناڵ و تەکنۆکرات) و ھێنانە پێشەوەی خەڵکانی نەشیاو و پڕکردنەوەی پۆستە ئیداریەکان بە ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتانە و سەرھەڵدانی گەندەڵی زانستی و سیاسی و کارگێڕی و دارایی لە سەرجەم ناوەندەکان، لەناویشیاندا ناوەندی ئەکادیمی . ( بڕوانە کتێبی : سیاسە الحکم، ئۆستن رەنی، وەرگێڕانی : حەسەن عەلی زەننون، ١٩٦٦، ل: ١٨٤-١٨٥).
لە عێراقیش پاش پرۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣ ( کۆمەڵگەی ئەکادیمی ) کەوتە بە رەحمەتی ساختەکاری و چەندین وەزیر و ئەندام پەرلەمان و بەرپرسی باڵا بوونە ھەڵگری بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا ) بێ ئەوەی رۆژێک وەک خوێندکاری زانکۆ دەوامیان کردبێت . لە دوایین پێشھاتیشدا رۆژنامەی ( المدن) ی لوبنانی و رۆژنامەی ( انباء)ی کوێتی و سایتی جەزیرە لە ١٤/١١/٢٠٢١ بڵاویان کردەوە کە سێ زانکۆی لوبنانی ٢٧ ھەزار بڕوانامەی ساختەیان بەخشیوە بە عێراقیەکان لە سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران و مامۆستایانی زانکۆ و خەڵکانی ئاسایی ( دوور نیە بەشێک لەو لێشاوی ساختەکارییە ھەرێمی کوردستانیشی گرتبێتەوە) .
لە ساڵی ١٩٥٠ش رێکخراوی(UNESCO)لە شاری (Nice)ی فەرەنسی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی گرێدا بۆ زانکۆ ناودارەکانی جیھان، لە گرنگترین بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەی ناوبراو جەخت کردنەوە بوو لە :‌ ( لێبوردەیی ئەکادیمی و رزگارکردنی کەرتی ئەکادیمی لە کۆت و بەندە سیاسیەکان).
توێژینەوە مەیدانیە پەیوەندیدارەکانیش لە چەند وڵاتێکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەیان بە مەترسی یەکان و ھەڕەشەکانی سەر ئازادی ئەکادیمی و سەربەخۆیی زانکۆکان داوە، لەو ھەڕەشەو مەترسیانەش:( تەکەتولات و بەشبەشێنەی حزبی و سیاسی ، ھاوردەکردنی سەرچاوەی مرۆیی ناوچەیی دەرەکی، دوورخستنەوەو پەراوێزخستنی سەرچاوە مرۆییە نێوخۆییەکانی کۆمەڵگەی ئەکادیمی، نەبوونی ستراتیژ و ڕووبینای ئەکادیمی، جەقبەستوویی و دۆگمایی دەستەی وانەبێژی ، غیابی پرۆژەکانی گەشەپێدان و پەرەپێدانی توانا مرۆیەکانی قوتابیان ... ھتد).
ئەو مەترسی و ھەڕەشانەش، کۆمەڵێک لێکەوتە و دەرھاویشتەی زۆریان بەدوای خۆیاندا ھێناوە لە کۆمەڵگەی ئەکادیمی، لەوانە - وەک توێژینەوەکان دەریانخستووە:
قۆرخکاری، سەرھەڵدانی گزی و دزی زانستی بەتایبەت لە کاتی بە ئەنجامگەیاندنی توێژینەوەکان، ململانێ ی ناتەندروستی نێوان خاوەن پلەو پۆستە باڵاکان و سەرھەڵدانی تێرۆری ھزری و پەنابردنی ھەندێک بۆ تەشھیر و شکاندنەوەو ھەندێ جاریش سیخوریکردن بەسەر ھاوپیشە و ھاوڕێکانیانەوە، یاری کردن بە چارەنوسی خوێندکاران و جیاکاری رەگەزی، نادادی و پێشێلکاری و ستەمکاری ... ھتد.
لێرەوە، ئیتر ئەم مەترسی و ھەڕەشانە و لێکەوتەکانیان لە ناوەندی ئەکادیمی، ( کۆمەڵگەی ئەکادیمی نێودەوڵەتی ) ھێنایە دەنگ و راگەیاندنی چەند جاڕنامەیەکی ئەکادیمی لێکەوتەوەو چەندین کۆنگرە و کۆنفرانسی ئەکادیمی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا ھێنا، لەوانەش بە شێوەیەکی ریزبەندی:
کۆنفرانسی سیینا - ئیتالیا ١٩٨٢، کۆنفرانسی لیما لە وڵاتی پیرۆ ١٩٨٨، کۆنفرانسی دار السلام - تەنزانیا ١٩٩٠، کۆنفرانسی سیانایا لە کۆماری رۆمانیا ١٩٩٢، کۆنفرانسی وارفۆرت- ئەلمانیا ١٩٩٦، جاڕنامەی عەممان – ئوردون ٢٠٠٤ .
کۆی دەرەنجام و راسپاردەکانی ئەو جاڕنامە و کۆنفرانسانەش، جەخت لە سەر ئەم پرنسیپانە دەکاتەوە :
یەکەم: پیادەکردنی پرنسیپی سەربەخۆیی دەزگایی – زانکۆییInstitutional Autonomy.
دووەم: پیادەکردنی پرنسیپی ئازادی ئەکادیمی Academic Freedom .
سێیەم: مافەکان Rightsھەمیشە ھاوشانی پابەندیەکانن Obligations .ئەرک و (مافی) ئەکادیمی دوو دیوی دراوێکن .
چوارەم: ئازادی ئەکادیمی، سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگەی ئەکادیمی پابەند دەکات بە داھێنان و پەرەپێدانی خودی و ئەنجامدانی توێژینەوەو لێکۆڵینەوە .
پێنجەم: پێویستە لەسەر دەزگا ئۆرگانی و کارگێڕیەکانی کۆمەڵگەی ئەکادیمی بە ھەردوو کەرتی حکومی و تایبەتەوە، رێنەدەن ھەژموونی حزبی و سیاسی کاریگەری لەسەر پرۆسەی بڕیاردان و کوالیتی ئەکادیمی و سەربەخۆیی زانکۆکان ھەبێت .
ماوەتەوە بڵێین:
ئەرکی سەرشانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی و توێژەران و مامۆستایانی زانکۆیە، سوودمەندبن لەو رێکار و ھەنگاوانەی زانکۆ جیھانیەکان گرتوویانەتەبەر بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی کەرتی ئەکادیمی و سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگ و لەمپەرەکانی پێیشکەوتن لە ناو ( کۆمەڵگەی ئەکادیمی ) . ھەروەھا ئەرکی وەزارەتی خوێندنی باڵایە لە ڕەخساندنی کەشێکی تەندروست و لەبار بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی ئەکادیمی کوردستانی و سوودمەندبوون لە دەرەنجام و راسپاردەکانی جاڕنامە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە کۆمەڵگەی ئەکادیمی.

 

گەلەری