سەردێڕ:

ئەمە کوشتنی لەسەرخۆیی خانەنشینانە

PM:10:25:27/01/2022
5816 جار خوێندراوەتەوە
حەسەن عەلی سەلیم
+ -

حکومەتی ھەرێم نزیکەی ساڵێکی ماوە کۆتایی ماوەکەی بێت، ھەموو ئەو پەیمان و بڕیارانەی دایان ئەنجامێکی بەرچاوی نەبوو بگرە حاڵ و گوزەرانی ھەموو تۆێژەکان بەو شێوە نالەبارەیە کە دەیبینین. باسەکەی من زیادتر بارو دۆخی گوزەرانی خانەنشینانی شارستانی و سەربازییە و ئەو سندووقەی خانەنشینیەی لە دامەزراندنی حکوومەتی عێراقەوە ھەتا ئەمڕۆ بڕی پارەی ئەو مانگانە لە مووچەکانیان دەبڕدرا بۆ سەردەمی خانەنشینی تیادا پارێزراوو کۆکرابووەوە کەچی برادەرانی ھەرێم دایان لە بنی ھەمانەکەو ئەویشیان لووش دا بێگوێدانە ھیج یاساو ڕێساو عورفێک.
 ئەمەی لێرە رویداوە لە ھیچ وڵاتێکی دونیا رووینەداوە، تۆێژێک ھەموو تەمەنیان بۆ وڵات بەختکەن و لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە ھەماھەنگی و یارمەتی بێت کەچی بەو شێوە ڕەفتاریان لەگەڵ بکرێت.
 خانەنشینان ھەموو تواناو گەنجایەتی و بەھرەکانیان پێشکەش بە ووڵات کرد و بە ھیچ شێوەیەک قەرزاری دەسەڵاتدارانی ھەرێم نین، بە تایبەت ئەوانەی پێش راپەڕین لە خزمەتدابوون  ئەمان نە بە تەزکیەی حیزبی ئەوان دامەزراون نە کۆیلەی ھیچ لایەنێکی سیاسیبوون ھەرھەموویان بە پێی تواناو بڕوانامەی خۆییان دامەزراون کەچی بەو شێوە پاداشت دەکرێن.
 ئەم رەفتارەی دەسەڵات ھیچ ناگەیەنێت جگە لە بێدەربەستی و ئەرکی ئەخلاقی بە جێنەھێنان بەرامبەریان. من لێرەدا  تەنھا لۆمەی حکومەت ناکەم کە زۆر بێمننەتە بەرامبەریان بە قەدەر ئەوەی کە پێویستە خانەنشینان کاری جیدی باشتربکەن بۆ رێکخستنی خۆێان لە بەرەیەکی بەھێز و یەکگرتوودا  و بەرزکردنەوەی  دەنگەکانیان بە ھەموو شێوەیەکی شارستانی و پەنابردنە بەر ڕێکخراوە جێھانی و ناوخۆییەکان، ھەروەھا فراکسێونە ئۆپۆزسێونەکانی ناو پەرلمانی عێراق و ھەرێمیش پێویستە لەم رووەوە رۆڵی خۆیان ببینن بۆ زامنکردنی ھەموو مافە رەواکانیان و وەرگرتنەوەی. کە مووچە سەرتایترینیانە ئەگینا رووبەڕویی بەرپرسیاریەتیەکی گەورە دەبنەوە.

گەلەری