سەردێڕ:

ئەو وانەیەی ستەمکارەکان فێری نابن

PM:03:48:19/01/2022
4240 جار خوێندراوەتەوە
وەلید نامیق
+ -

زۆرینەی دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان ژیانێکی جیاواز لە گەلەکەیان دەژین. ئەوان لە هەر سەردەم و مێژوویەکدا بێت، ژیانێکی خۆشگوزەرانی کاتیان بۆ خۆیان و نزیکەکانیان و دۆزەخێکی درێژمەوداشیان بۆ گەلەکەیان دروستکردوە. چیرۆکی هاتنە سەر دەسەڵات و حکومڕانی و ستەمی هەر یەکێکیان بەپێی سەردەم و وڵات و ئاستی زوڵمیان دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی خاڵی هاوبەشی هەمویانە جۆری مردن و کۆتایی دەسەڵاتە. ستەمکارەکان وەک خەڵکی ئاسایی لەسەر جێگە و بە ئارامی نامرن، بەڵکو هەمیشە چۆن ژیانێکی تراژیدی بۆ گەلەکەیان دروست دەکەن، کۆتاییەکەی تراژیدیش بۆ خۆیان دەنوسنەوە.

ئەگەر مێژووی دوور و نزیک بخوێنینەوە، چیرۆکی کۆتایی ستەمکاریی و دەسەڵاتی ستەمکارەکان زۆرجار ئەنجامی هاوشێوەی هەیە، وەک: کوشتن و تیرۆرکردن، خۆکوشتن، راوەدونان لە وڵات، لەسێدارەدان یان کودەتا و خستنە زیندانیان. ئەمە لەکاتێکدا ستەمکارەکان سەدان راوێژکار و هەزاران دەربار و هەندێکجار سەدان هەزار پشتیوانیشیان هەیە، بەڵام یەک کەس لەوانە ناتوانن ئەوە بیری گەورە ستەمکار بخەنەوە کە مێژوو پێیدەڵێ کۆتایی دەسەڵاتی خۆی یان منداڵ و نەوەکانی بە یەکێک لەو سیناریۆیانە دەبێت.

راوێژکارەکان لەپێناو پاراستنی کارەکەیان، بەرپرسانی کۆشک و شار و لق و کۆمیتەکان لەپێناو بەردەوامی ئەو تۆزە دەسەڵات و پارەی لە سەرۆکیانەوە بۆیان دەمێنێتەوە، هەریەکە و لەپێناو بەرژەوەندییەکی شەخسی خۆی، پادشای ستەمکار بەئاگا ناهێنن تاوەکو دەکەوێتە ئەو چاڵەی هەزاران دیکتاتۆر و ستەمکاری تێکەوتووە بەناوی زبڵدانی مێژو.

راوێژکارەکانی سەرۆکە ستەمکارەکان نەک ئەو وانەیەی مێژوو بە گەورەکانیان ناڵێن، بەڵکو چیرۆکی هەڵەیان بۆ دەهۆننەوە کە وادەکات وێنەی راستەقینەی ژیانی گەلەکانیان نەبینن. چیرۆکە ناڕاستەکان دوو وێنەی هەڵە لەلای ستەمکارەکان دروست دەکەن. یەکەم ئەوەی لە رێگەی دەسەڵاتەکەیەوە ژیانێکی شایستەی بۆ گەلەکەی دابینکردوە. دوەمیش مانەوەی لە دەسەڵات پێویستە و لە بەرژەوەندی هەموانە، بۆیە ئەویش هەموو رێگەیەک بۆ مانەوەی لە دەسەڵات بەپێویست و شەرعی دەزانێت.

مانەوە و درێژەدان بە دەسەڵات کرۆک و چەقی بیرکردنەوەی هەموو ستەمکارێکە، چونکە دەزانێ لەگەڵ کەوتن و کۆتایی دەسەڵاتەکەی، ژیانی خۆی و نزیکەکانیشی کۆتایی دێت. ستەمکارەکان دەزانن ئەگەر لە کاتی مردنیاندا دەسەڵات لەلای خۆیان یان نەوەکانی نەبێت، ئەوان ناتوانن وەک خەڵکی ئاسایی بمرن. هەربۆیە، هەموو سیستەمی کارکردنی وڵات بەجۆرێک بونیاتدەنێن کە گەرەنتی مانەوەی دەسەڵاتیان بکات. بۆیە دەبینی ژیانی رۆژانەی ئاسایی خەڵک وەک چەند موچە وەردەگرن، کەی دەتوانن دەوڵەمەند بن، سەیری چی تەلەفزیۆنێک دەکەن، کام رۆژنامە دەخوێننەوە، کەی پۆلیس لێیان دەپرسێتەوە، کەی دەتوانن بە ئازادی قسەبکەن، کەی و کوێ و چەند و هەموو چی و چۆنەکانی تری ژیانیان دەخرێنە ژێر چاودێری دەسەڵاتی پۆلیس و هەواڵگری خۆیانەوە. لەو رێگەوە هەوڵدەدەن سیستەمێکی ژیان دروست بکەن کە یەکەم و گرنگترین و کۆتا ئامانجی هێشتنەوەی دەسەڵات و مانەوەیەتی لەسەر ستەمکاری.

دۆخی هەرێمی کوردستانی عێراقیش بەمجۆرەیە. لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵک لە گوزەرانێکی خراپدا دەژین و ساڵانە هەزاران گەنج بەو هۆیەوە وڵات جێدە‌هێڵن، ئامانجی یەکەمی چینی ستەمکار هێشتنەوەی دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی خۆیانە بە هەر رێگەیەک و بە هەر ئامرازێک بێت. لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوو دەسەڵات لە کوردستان و عێراق بە وردیی کاری لەسەر ئەم خاڵە کردوە، بۆیە ئەنجامەکەشی هەر بەو جۆرە دەرچووە، لەکاتێکدا خەڵک لە خراپترین گوزەراندا ژیان بەڕێدەکات، دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و چەتەگەرایی لەو پەڕی بەهێزیی و ستەمکاری خۆیدایە. تاکە خاڵی ئەرێنی مێژوش کە لەم بوارەدا فێرمان دەکات ئەوەیە، دەسەڵاتی ستەمکارەکان لە ئەستوریدا دەپچڕێت. بۆیە ئەگەر ستەمکارانی کوردستان و عێراق وانە لە مێژوو وەرنەگرن، ئەوا کۆتایی تراژیدیان نزیکە.

مەترسی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق لەوەدایە ستەمکاری تەنیا لە یەک ئاستی ستونیدا نییە، بەو مانەیەی سەرۆکێکی دیکتاتۆر بەتەنیا بڕیاربدات و هەموان بزانن هۆکاری نەهامەتییەکان ئەون، بەڵکو بە ئاسۆیی و لەسەر چەندین ئاستی جیاواز ستەمکاری خۆی نمایش دەکات. لە دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس و هەواڵگریدا ستەمکاری هەیە، لە بازاڕ و ئابووریدا ستەمکاری هەیە، لە سیاسەت و حکومڕانیدا هەر ستەم بە ئاست و شێوازی جیاواز هەیە. کاتێکیش دێتە سەر بەرپرسیارێتی هیچ کەس نابێتە بەرپرسیاری یەکەم چونکە رۆڵەکان لەنێو حزب و بنەماڵە و خێزانە دەسەڵاتدارەکاندا دابەشکراون.

لە مێژودا نمونەی کەس و بنەماڵە و حزبی ستەمکار و دیکتاتۆر زۆرن، زۆریشن ئەوانەی لە یەک سەردەم ژیاون، بەڵام دەگمەنن ئەوانەیان وانەیان لە کۆتایی تراژیدی یەکتر وەرگرتوە. مۆسۆلۆنی و هیتلەر هیچ وانەیەک لە دیکتاتۆرەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە فێرنەبوون جگە لە زوڵم و ستەم. قەزافی و عەلی عەبدوڵا ساڵح و حوسنی موبارەکیش هیچ لە دیکتاتۆرەکانی پێش خۆیان فێرنەبوون. دیکتاتۆر و ستەمکارەکانی سەدەی بیست و یەکەمیش هیچ فێرنابن تاوەکو ئەو کاتەی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان دێت.


گەلەری