سەردێڕ:

سێ پۆستەکەی بەغدا چۆن یەکلایی دەکرێتەوە؟

AM:11:06:09/12/2021
7304 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -

ئایا دوو رکابەرە سەرەکییەکەی عێراق سەدرو مالکی لەکابینەیەکدا جێیان دەبێتەوە؟ سیناریۆکانی بەردەم سەدر چین؟ کورد چی دەستدەکەوێت؟ سەرۆک کۆمار دەبێتە بابەتێکی دیکەی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی؟ یان پێشوەختە رێککەوتنی لەسەر دەکرێت؟

کێشەی لایەنە شیعییەکان بەراورد بەرۆژەکانی سەرەتا هێمن بۆتەوە، ئێستا هادی عامری فەرماندە بەدەسەڵاتەکەی حەشد نایەت لەرێگەی شەقامەوە گوشار بکات و چیتر وێنەکانی کازمیلەناو بەغدادا ناسوتێنێت.

کۆبووەنەوەی رۆژی پێنج شەممەی رابردووی سەدر و چوارچێوەی هاوهانگی، ئەنجامێکی وای لێ بەدی نەهات،

وەک لەڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت سەدر سڵاو لەمالکی ناکات و دەوترێت پێش کۆتایی هاتنی کۆبونەوەش مالکی شوێنی کۆبونەوەی بەجێهێشتووە.

سیناریۆی دڵخوازی موقتەدا سەدر، پێکهێنانی کابینەی حکومەتە بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەریەک لە "هاوپەیمانی تەقەدوم (حەلبوسی ٤٦ کورسی لەسوننەکان کۆکردۆتەوە) و پارتی دیموکراتی کوردستان (٣١کورسی) و دەیەوێت بەشدارییەکی نمایشکارانەی عەمار ئەلحەکیم و حەیدەر عەبادیشی تێدا بێت.

ئەم سیناریۆیە حکومەتێکی بەرپرسیار درووستدەکات، بەڵام بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی چەک بەدەست دەبێتە مەترسیەکی بەردەوام و هەمیشە هەوڵدەدەن حکومەت بەلاواز نیشان بدەن دووریش نیە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی تەسفییەی حسابات و تەقینەوەو پشێوی ئەو ناوچانە بگرێتەوە.

سیناریۆی دووەم لاوازترە، سەدر رووبکاتە ئۆپۆزسیۆن و مالکی و یارەکانی حکومەت پێکبهێنن و بەبەشداری سوننەو کورد.

ئەم ئەگەرە زۆر لاوازەو پێناچیت سەدر بەئاسانی دەستبەرداربێت بەتایبەت تەنها خۆی هێندەی هەموو هێزە شیعییەکان دەنگی هێناوە.

یەکێکی تر لەسیناریۆیەکان ئەوەیە سەدر سازش بکات و نەرمی بنوێنێت بەرامبەر بەشێک لەهێزە شیعییەکان بەتایبەت، لەگەڵ عامری رێککەوێت و مالکی بخەنە دەرەوەی یارییەکە، بەڵام ئایا هادی عامری کاری لەو شێوە دەکات؟

دوا سیناریۆش درووستکردنی حکومەتی تەوافوقییە، کە ئەمەیان زۆر زەحمەتەو بەپێی لێدوان و هەڵوێستەکانی موقتەدا سەدربێت، هەرگیز هەنگاوی لەو شێوە نانێت، بەتایبەت تادێت ناکۆکییەکانی سەدر و مالکی زیاددەبێت.

ئەوەی تا ئێستا روونە ویستی سەدرە بۆ دانانەوەی کازمی بەسەرۆک وەزیران (لەمەدا پارتیش پاڵپشتی دەکات) و بەرپەرچدانەوەیەتی لەلایەن عامری و مالکییەوە کەرەتیدەکەنەوە هیچ یەکێک لەسێ سەرۆکایەتیەکە دابنرێتەوە.

سیناریۆی نزیک بەبڕوای من هەڵبژاردنی کەسایەتیەکی دڵخوازی سەدرە(لەدەرەوەی بنەماڵەکەی) چونکە نایەوێت بەرپرسیارێتی راستەوخۆیان بکەوێتە سەر.

سوننەکان لەناو خۆیاندا چەند جارێک کۆبونەتەوەو دوو هێزی گەورەی سوننە (تەقەدووم و عەزم) ئێستا لەهەولێرن و بەنیازی درووستکردنی هاوپەیمانێتیەکی گەورەن، ئەوان بەتەوافوقی خۆیان سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان دەکەن و پۆستە وەزارییەکانیش دابەش دەکەن، ئەگەر ڤیتۆی لایەنە شیعییەکان نەبێت، محەممەد حەلبووسی بەهێزترین کاندیدە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

لەناوهاوکێشە گشتیەکەدا وا دەردەکەوێت کەوا گرژی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبێت، بەڵام هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن ناوەکان لەنێوان هەردوولا ئاڵگۆڕ کراوە، تائێستە پارتی ناچێتە شەڕی پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵکو ڤیتۆی هەیە لەسەر چەند ناوێک، بۆیە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتییە، بەڵام بەرەزامەندی پارتی.

 

گەلەری