سەردێڕ:

ئەوانەی پاڵپشتی داعش دەکەن

PM:03:30:03/12/2021
9128 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی
+ -

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی شەهید بوونی پۆلێک پێشمەرگە و سڤیل لە بناری چیای قەرەچوغ دا هاتووە:’تیرۆرستان و ئەوانەی پاڵپشتیان دەکەن دەبێ باجێکی گەورە بدەن’، تیرۆرستان دیار و ناسراون، ئەدی ئەوانەی پاڵپشتیان دەکەن کێن؟

داعشی ئێستا لەگەڵ داعشی سەردەمی خەلافەتی ئەبوبەکری بەغدادی جیاوازە، داعشی ئێستا لە ناونیشانێک و زیاتر لە ناوەندێکی بڕێاری هەیە، لە چەندین لاوە دەستی خراوەتە ناو، هەر لایەکێش لەوانە بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان ئاراستەی دەکەن، ئێستا تورکیا و ئەمریکا، وڵاتانی کەنداو و ئێران، موخابەڕاتی عێڕاقی پشکیان لە ناو داعش هەیە.

وەک چۆن لە 2014 داعش ئاراستەی هێرشەکانی لە بەغداوە گۆڕی بۆ سەر شنگال، ئێستاش خەریکە هەمان یاری موخابەڕاتی دووبارە دەبێتەوە، لە جیاتی بەئامانج گرتنی حەشدی شەعبی ناوچەکانی سوونەنشینی داگیر کردووە و شارەکانیانی خاپوور کردووە و شەڕف و نامووسی شکاندوون، ئاراستەی هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی سڤیلی کورد گۆڕیوە، ئەوەش تەنها تەواوکردنی ئەو پیلان و پلانەیە کە لە عەقلیەتی شۆڤینی عەرەبیەوە لەگەڵ دروست بوونی وڵاتی بەناو عێڕاق چەکەرەی کردووە، بۆ دەرکردنی کورد لە سەر زێد و نیشتیمانی خۆیان و تەعریبکردنی کوردستان، لەو پێناوەشدا هەموو عەرەب یەک هەڵوێست و یەکدەستن، داعش و ماحش(میلیشیاکانی حەشدی شەعبی) سوپای عێڕاق و موخابەڕاتەکەی، رۆشنبیرەکانیان و عەشایر و عڕوبەییەکانیان، لەگەڵ ئەوانەش پاڵپشتی ئیقلیمی و هەندێکجار نێودەوڵەتیشیا هەیە.

ئەو یاریە موخابەڕاتیەی کە چەندین ساڵە لەو ناوچەیە درێژەی هەیە، کورد زۆرترین باجی داوە و کەمترین قازانجی لێکردووە، ئەوەش بە پلەی یەکەم بۆ زیرەکی و ئازایەتی دوژمنانی ناگەڕێتەوە بەقەدەر ئەوەی بۆ کەمتەرخەمی و پەرت و بڵاوی خۆی دەگەڕێتەوە، کورد ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکخستنی کار و توانای دەزگا هەواڵگریەکانی و لەشکرەکەی هەیە.

وەزارەتی پێشمەرگە دەتوانێ بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دوور لە ئینتیمای حیزبایەتی، دەتوانێ تۆڵە لە داعش و ئەوانەی پاڵپشتی دەکەن بکاتەوە، جگە لەوە هەر کارێکی دیکەی وەک داواکاردنی ئۆپڕاسیۆنی هاوبەش لەگەڵ سوپای عێڕاق و هاوکاری زیاتری هاوپەیمانان تەنها دەچێتە خانەی خۆهەرخەڵەتاندن و خۆڵ لە چاوکی خەڵکی کردن، هەمان شت بۆ دەزگا هەواڵگریەکانمان راستە، بەهیچ شێوەیەکیش ناکرێ گرژی و ململانێی حیزبایەتی کاریگەری لەسەر یەکبوونی ئەو دوو دەزگایە گرنگە بکات.

گەلەری