سەردێڕ:

تەحەدا کردنی مسرور بارزانی زەحمەت نیە، ئەگەر راستگۆن!

PM:10:32:30/11/2021
7280 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی
+ -

لە نزیکەی سێ ساڵی رابردوو، مەسرور بارزانی و ستافەکەی لە سەرۆکایەتی حکومەت کە قوباد تاڵەبانی یەکێکە لەو ستافە، کارەکانیان لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی رەنگی داوەتەوە، ئەوەش گرنگترین خاڵی حوکمڕانیە لە هەموو دنیا، دانی موچە لە کاتی خۆی، دابەشکردنی پڕۆژەکان بە دادپەروەری لە سەر ئاوایەکانی کوردستان، ئادگارە دیارەکانی ئەو کابینەیەن.

بۆیەشە مەسرور بارزانی چۆن لە زاخۆ و دهۆک و ئامێدی و ئاکرێ و بەردەڕەش و هەولێر و سۆران لە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکان و کردنەوەیان بینراوە، بە هەمان شێوە لە هەلەبجە و شارەزوور و سلێمانی و چەمچەمال و کفری و کەلار بینراوە، بەڵام بۆ پڕۆژەکان لە پنتێکی جوگرافی دیاریکراو و لە پڕۆژەکانی پنتەکەی دیکە باشتر و خێراتر جێبەجێ دەکرێن، ئەوە دەبێ پرسیاری سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بێت.

دەبێ هەموو کوردستانیەک ئەو راستەقینەیە بزانێ کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستاش دوو ئیداریە، یەکێتی بەرپرسی یەکەمی ئیدارەی هەلەبجە و سلێمانی و گەرمیان و راپەڕینە، بەهەمان شێوە پارتی بەرپرسی یەکەمی هەولێر و سۆران و دهۆک و زاخۆیە، حکومەتە لۆکالیەکانی ئەو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیانە رەنگدانەوەی فەلسەفەی کارکردن و دنیابینی ئەو دوو حیزبەیە.

کە جیاوای لە نێوان ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەولێر و سلێمانی هەیە، ئەوە رەنگدانەوەی جیاوازی و پێشکەوتنی عەقلیەتی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی و دنیابینی پارتی و یەکێتیە، لە میدیا و دیوەخانەکان چ دەڵێن گرنگ نیە، بەڵکو لە ئەڕزی واقیع چ دەکەن ئەوە گرنگە، چونکە رۆشنبیری و پێشکەوتن و خزمەت و ئاوەدانکردنەوە کردارە نەک گوفتار.

ئەمن دوو نموونەی زیندی و دیارم لەلایە کە نەک پەڕلەمانتارانی یەکێتی بەڵکو یەکێتی وەک حیزب و ئیدارەش ناتوانن تەحدای مەسرور بارزانی و کابینەکەی بکەن، وەک چۆن نەیانتوانی تەحدای کابینەکانی پێشوتریش بکەن کە ئامۆزاکەی مەسرور (نێچیرڤان بارزانی)سەرۆکایەتی دەکردن.

نموونەی یەکەم: لە ساڵی ١٩٩٨ کە سەرەتای پڕۆسەی ئاشتی بوو شاندەکانی پارتی و یەکێتی دەچوونە شەقڵاوە و دووکان، لەوکاتەوە کە من پەیامنێری کوردستان تی ڤی بووم هاوڕێیەتی ئەو شاندانەم دەکرد، لەوکاتەوە دەبینم رێگای هیزۆپ دوکان کاری تێدا دەکرێ و نەک هەر تەواو نەبووە بەڵکو هیچی لێ نەگۆڕاوە، لە جاران خراپتر بووە و باشتر نەبووە، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە زۆر کەس دەیزانن، لە ماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا زیاتر لە پێنج جار بودجەبۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان کراوە، زیاتر لە حەفت کۆمپانیای جێبەجێکاریش گۆڕاون، بەڵام هیچ لە مەترسی رێبوارانی ئەو جادەیە کەم نەبۆتەوە و پڕۆژەکە هەنگاوێک نەچۆتە پێش بەڵکو دوو هەنگاو چۆتە پاش!

نموونەی دووەم، پڕۆژەی جۆت سایدی هەولێر کۆیەیە، کە یەکێکە لە رێگاکانی دروێنەی گیانی ئازیزانمان، بەڵام بۆ ئەو پڕۆژەیە کاری تێدا ناکرێ؟ ئایا پارتی رێگە نادا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی لە پارە نابێتەوە بۆ ئەو پڕۆژەیە، یان هۆکاری دیکەی هەیە؟ ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەی جۆت سایدی هەولێر کۆیە تەرخان کراوە، زیاترە لە پارەی تێچووی جۆتسایدی هەولێر ئاکرێ، جۆتسایدی دهۆک و زاخۆ، کەواتە بۆ کار تێیدا وەستاوە؟ هۆکارەکە ئەوەیە چوونکە کوڕەکانی بەرپرسێکی یەکێتی کە خەڵکی گوندێکی دەشتی کۆیێنە، بە زۆری و زۆردارەکی نەخشەی رێگاکەیان وا گۆڕیوە کە بە گوندەکەی ئەوان تێپەڕێ تا نرخی زەویەکانی ئەوان بەرز بێتەوە یان بەکەلکی پڕۆژەی بازرگانی بێن، ئەو نەخشەیەش کە ئەوان دەیانەوێ لەگەڵ ئەوەی حکومەت دیزاینی کردووە لە رووی تێچوون و رێڕەو زۆر جیاوازیان هەیە، بۆیە ئەوان رێگە نادەن ئەوەی حکومەت جێبەجێ بکرێ، حکومەتیش هی ئەوان ناکا.

ئەو پەڕلەمانتار و بەرپرس و خەمخۆرانەی بە ناوی سلێمانی و هەلەبجە و گەرمیان و راپەڕین قسە دەکەن و تەحدای حکومەت و سەرۆکەکەی دەکەن، تەنها با بە جورئەتەوە بەدواداچوونێک بۆ ئەو چەند زانیاریە سادەیەی هاولاتیەکی وەک من بکەن، ئەوکات تێدەگەن ئەوان ناتوانن تەحدای خۆشیان بکەن نەک ئەوانەی دیکە.

گەلەری