سەردێڕ:

وردەکاری هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی تورکیا

AM:10:02:18/04/2022

35208 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ئۆپەڕاسیۆنێکی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ناوی لێناوە "کلیل چنگ" و تێیدا ناوچەکانی مەتینا و زاپ و ئاڤاشینی بە چڕی بۆردوومان کرد.


وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری راستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەڕاسیۆنەکە دەکات و باسی لەوە کردووە بە مەبەستی کۆتاییپێهێنانی هێرشەکانە بۆ سەر گەلەکەیان و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان.

لە بەرامبەردا، هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" رایگەیاند، سوپای تورکیا هێرشەکانی لە هێڵی باکورەوە نییە و بەڵکو لەباشورەوە دەستی پێکردووە و لە هێڵی بامەڕنێ ئامێدییەوە فڕۆکەکان دەفڕن و لە شێلادزێوە هێرشدەکرێتە سەر هەرێمەکانی زاپ.

هەپەگە کە باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستانە باسی لەوەشکردووە، تورکیا دەیەوێت لەرێگەی هێلیکۆپتەرەوە سەربازەکانی لە ناوچەکانی زاپ جێگیر بکات و فڕۆکەش بە ئاسمانی ناوچەکاندا دەسوڕێتەوە و هێرشی چریان بۆ سەر ناوچەکان دەستپێکردووە.

دەشڵێت، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکانی شەوی رابردوودا، لە ناوچەی زاپ هەشت سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە.

هاوکات، میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان باس لەوە دەکەن،پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی زۆرییان بە ئاڕاستەی ناوچەکانی شێلادزێ و دێرەلوک جوڵاندووە کە دەکەونە سنوری ناوچەی کوڕەژارو، لە کاتێکدا شەڕێکی قورس لە نێوان هێزەکانیان و سوپای تورکیا دەستی پێکردووە.

جێگەی ئاماژەیە، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لەدوای تەنها دوو رۆژ لە سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتە و هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای میت.













گەلەری