سەردێڕ:

فازڵ نەبی: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆمبێکە بۆ هەرێم لەناکاو دەتەقێتەوە

PM:05:41:17/04/2022

12588 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆمبێکە بۆ حکومەتی هەرێم و لە هەر ساتێکدا بێت دەتەقێتەوە. ئەو رێگایانەشی ئاشکراکرد کە دەکرێت عێراقی بیگرێتەبەر.


فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق تایبەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شاندەکەی هەرێم بۆ قسەکردن لەبارەی نەوتەوە نەچوونەتە بەغدا و بۆ بابەتی غازی هەرێم چوون.

وتیشی، شاندەکە بڕیاری یەکلاکراوەی خۆیان داوە بەوەی کە نەوت رادەست ناکەن.

لەبارەی دۆسیەی نەوتیشەوە رایگەیاند، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی داویەتی بۆمبێکە بۆ هەرێم و لە هەرساتێکدا بێت دەکرێت بتەقێتەوە.

فازڵ نەبی لەبارەی ئەو رێکارانەی عێراق دەتوانێت بیگرێتەبەر ئاماژەی بەوەکرد، عێراق بەدەر لە هەرێم لە رێگای تورکیاوە دەتوانێت گرفت بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دروستبکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ لە بارەی فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاریدا کە نادەستورییە و پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندی رێککەوتنەکان بێت و داهاتەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات. هاوکات، دواشی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی کرد چاودێری سەرجەم گرێبەست و وردەکارییەکانی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم بن.

بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر ١١ لە پانۆڕامای هەواڵەکاندا فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق میوان بێت و باس لە پرسی کۆبوونەوەکەی شاندی هەرێم لەگەڵ بەغدا و بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و ئەو رێکارانەی دەتوانرێت بەرامبەر هەرێم بگیرێنەبەر بکات.













گەلەری