سەردێڕ:

ملیاردێرێکی ئۆکرانی بەڵینێک بە وڵاتەکەی دەدات

PM:02:12:17/04/2022

4540 جار خوێندراوەتەوە

دەوڵەمەندترین کەس لە ئۆکرانیا بەڵێنیدا دووبارە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو بونیاد بنێتەوە. دەشڵێت، "دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پۆڵای لە شارەکەدا هەیە."


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رینات ئاخمیتۆڤ دەوڵەمەندترین کەس لە ئۆکرانیا بڵاوکردەوە کە بەهۆی هەشت ساڵی جەنگەوە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە سەرجەم کارەکەی زیانی بەرکەوتووە و دەڵێت، "سەربازە ئازاکانمان بەرگری لە شارەکەی سەر دەریای ئازۆڤ دەکەن کە ماوەی حەوت هەفتەیە بۆردومان دەکرێت و خاپوور کراوە".

ئاماژەی بەوەشدا، "ماریوپۆڵ تراجیدیایەکی جیهانییە و نمونەی پاڵەوانێتیشە لە جیهاندا. بۆ من ماریوپۆڵ هەمیشە شارێکی ئۆکرانی بووە و لە داهاتووشدا هەر شارێکی ئۆکرانی دەبێت."

دەشڵێت، "باوەڕم وایە سەربازە ئازاکانمان دەتوانن بەرگری لە شارەکە بکەن، بەڵام تێدەگەم لەوەی ئەو کارە چەند قورس و سەختە بۆ ئەوان."

رینات ئاخمیتۆڤ وتیشی، رۆژانە لە پەیوەندییدایە لەگەڵ بەڕێوبەرانی کۆمپانیاکەی کە ناوی مێتئینڤێستە و بەڕێوبەرایەتی کارەکانی وێستگەکانی ئاسن و پۆڵای ئاڤۆستاڵ دەکەن لە ماریوپۆڵ.

رۆژی هەینی رابردوو، کۆمپانیای مێتئینڤێست لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، هەرگیز لەژێر داگیرکاریی روسیادا کار ناکەن و گەمارۆکەی ماریوپۆڵ زیاتر لە سێیەکی توانای ئۆکرانیای لە بەرهەمهێنانی کانزاکاندا پەکخستووە.

رینات ئاخمیتۆڤ ئەوەشی ئاشکرا کرد، "سەرانسەری ئۆکرانیا دووبارە بونیاد دەنێینەوە." وتیشی، لە ٢٣ ی مانگی دووەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئۆکرانیا و لەو کاتەوە لە وڵاتەکەدا ماوەتەوە.

باسی لەوەشکرد، "دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماریوپۆڵ و پلانە نوێییەکانمان بۆ بەرهەمهێنان جێبەجێ بکەم، تاوەکو ماریوپۆڵ بتوانێت وەکو پێشتر پۆڵا بەرهەم بهێنێت و لە بازاڕەکانی جیهاندا دەربکەوێتەوە."

جەختیشیکردەوە، ئەو متمانەی بەوە هەیە کۆمپانیاکەی وەکو گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە دوای جەنگ رۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە دووبارە بونیادنانەوە ئۆکرانیادا.

رینات ئاخمیتۆڤ خاوەنی کۆمپانیای مێتئینڤێست ئەوەشی خستەڕوو، "بەدڵنیاییەوە پێویستمان بە پڕۆگرامێکی نێودەوڵەتی دووبارە بونیادنانەوە دەبێت، پێویستمان بە پلانی مارشاڵ هەیە بۆ ئۆکرانیا."

وتیشی، متمانەی بەوە هەیە کە دوای سەرکەوتنیان لەم جەنگەدا ئۆکرانیایەکی ئازاد و ئەوروپی و دیموکرات و سەرکەوتوو بونیاد دەنێن.

بەگوێرەی گۆڤاری فۆربس سامانەکەی رینات ئاخمیتۆڤ لە ساڵی ٢٠١٣ دا گەیشتە ١٥.٤ ملیار دۆلار. لە ئێستادا سامەنەکەی ٣.٩ ملیار دۆلارە.

لە ساڵی ٢٠١٤ دا جەنگ هەڵگیرسا. سەرجەم کارەکانی و سەرمایەکەی لە کرایمییە و هەرێمی دۆنباسیش لەدەستدا. هاوکات، بەرپرسانی ئۆکرانیاش دەڵێن، بەهۆی جەنگەوە ئۆکرانیا زیانی 1یەک تریلیۆن دۆلاری لێکەوتووە.













گەلەری