سەردێڕ:

ئۆکرانیا ئاماری کوژرانی رۆژنامەنوسان و سەربازانی لە جەنگی وڵاتەکەیدا بڵاوکردەوە

AM:08:43:17/04/2022

4852 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی راپۆرتی کۆمیتەی ئازادی رادەربڕین لە ماڵپەری پەرلەمانی ئۆکرانیا، لەو جەنگەی روسیا کە بۆسەر ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتی رابردووەوە ھەڵگیرساندووە، تا ئێستا ٢١ رۆژنامەنووس کوژراون کە رۆژنامەنووسی بیانیشی تێدابووە. هاوکات، سەرۆکی ئەوڵاتەش دەڵێت، " تا ئێستا دوو ھەزار و ٥٠٠ تا سێ هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون".


کۆمیتەی ئازادی رادەربڕین لە ماڵپەری پەرلەمانی ئۆکرانیا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، لە ٢٤ی شوباتی ئەمساڵەوە کە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەستی پێکردووە ٢١ رۆژنامەنوس کورژراون کە رۆژنامەنوسی بیانیشیان تێدایە.

لەلایەن خۆشییەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە تا ئێستا دوو ھەزار و ٥٠٠ تا سێ هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و نزیکەی ١٠ ھەزار سەربازیش برینداربوون.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سێ ئێن ئێن ھۆشداریی دایە سەرجەم وڵاتانی جیھان بەوەی کە دەبێت ئامادەبن لە بەرامبەر ئەگەری بەکارھێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیاوە.

ئاشکراشی کرد، لەوانەیە روسیا پەنا بباتە بەر بەکارھێنانی چەکی کیمیایی یان ناوەکی و راشیگەیاند، پوتین گیانی مرۆڤ بە ھیچ نازانێت.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لەجیاتی ترسان، خۆئامادەکاری بکرێت و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی یان ناوەکی نەک تەنھا بۆ ئۆکرانیا بەڵکو بۆ سەرجەم وڵاتانی جیھان کێشە دروست دەکات.

سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی ئەو کەشتییەی روسیا کە لەلایەن ئۆکرانیاوە کراوەتە ئامانج گوتی، "ئیتر دەزانین کە ئەم کەشتییە بوونی نییە، بۆ ئێمە چەکێکی بەھێز بوو، پێویستە گشت جیھان ئەوە بزانێت کە نقوومبوونی (کەشتییەکە) بۆ ئێمە تراژیدیا نەبوو. روسیا چەندە چەکی کەمی لەدەست بێت بۆ ھێرشکردن بۆسەر ئێمە، ئەوا ئەوەندە بۆ ئێمە باشە".

سەرۆکی ئۆکرانیا ئەوەشی خستەڕوو کە رووسیا ١٩-٢٠ ھەزار سەربازیی لەو جەنگەدا بووەتە قوربانی، لە کاتێکدا روسیا رایگەیاندبوو کە تەنھا ھەزار و ٣٥١ سەربازی کوژراوە.













گەلەری