سەردێڕ:

بەریتانیا وادەی رەوانەکردنی یەکەم کۆچبەری بۆ رواندا ئاشکرا کرد

PM:04:00:16/04/2022

10904 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەریتانیا حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە لەچەند هەفتەی داهاتودا یەکەم کۆچبەر رەوانەی رواندا دەکەن.


ئەمڕۆ شەممە، ژیان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە لەچەند هەفتەی داهاتودا یەکەم کۆچبەر رەوانەی رواندا دەکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی زانیارییەکان لەپلانی یەکەمی حکومەتی بەریتانیادا تەنیا گەنجانی بێ هاوسەر دەنێرنە وڵاتی رواندا، لەئێستادا خێزان و کچان و ژنانی تەنیا و مناڵ ناگرێتەوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەریتانیا ئاماژەی بەوەشداوە، بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیا لەو باوەڕەدان زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی دەپەڕنەوە گەنجانن و بەو پلانە رێگری باش لە هاتنی کۆچبەران دەکەن.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێر ئێن ئاڕ تی، بەشێك لە رێخراوەکانی داکۆکیکار لە کۆچبەر و پەنابەران بڕیارەکەی حکومەت بە نادروست و ناڕەوا دادەنێن و پێیان وایە رواندا وڵاتێکی پارێزراو نییە بۆ ئەوەی کۆچبەران بە ئاسوودەیی داوای پەناهاندەیی تێدا بکەن و نیشتەجێ بن، بەڵام زۆربەی پەرلەمانتارانی پارێزگاران پشتگیری پلانەکە دەکەن.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا بۆچونی چەندپەنابەرێكی لەبارەی بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیاوە وەرگرتووە، کۆچبەرێکی ئەسیوبی دەڵێت، "لێرە دەمرم بەڵام ئامادە نیم بگەڕێمەوە بۆ ئەفریقا چونکە هەزار میلم بڕیووە و بە چەندین بیاباندا رۆشتووم تا گەیشتومەتە ئێرە بۆیە هەرگیز ئامادە نیم و دەمەوێت بمرم و نەمگەڕێننەوە بۆ ئەفریقا".

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ژیان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا، تۆم پورسگڵۆڤ وەزیری کۆچی بەریتانی ئاشکرای کردووە، بڕیاری ناردنی کۆچبەران بۆ وڵاتی رواندا لە کیشوەری ئەفریقا ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە لە ١ی١ی ٢٠٢٢ەوە بەڕێگای نایاسایی ئاوی، ئاسمانی، وشکانی گەیشتونەتە بەریتانیا.

لەلایەن هەردوو وڵاتی بەریتانیا و رواندا لە کیگال رێککەوتنێکیان واژۆکردووە، هەروەها حکومەتی بەریتانیا هێزی دەریایی زیاتر رەوانەی نۆکەندی ئینگلیز دەکات بۆ ئەوەی رێگە بە کۆچبەری نایاسایی نەدەن لە فەرەنساوە بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.

ئەو پرۆسەیە کاری زۆر و بودجەی گەورە و ستافی دەوێت، هەروا بە ئاسانی ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا رێخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆچونیان لەوبارەیەوە دەرنەبڕیوە.

بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، وڵاتی بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی کۆچبەر روویان تێکردووە و وا بڕوا دەکرێت زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کۆچبەری عێراقی لەو وڵاتەدا نیشتەجێبن.













گەلەری