سەردێڕ:

بۆ هاوردە نەکردنی غازی روسیا، ئەڵمانیا هەنگاوێکی نوێ دەگرێتەبەر

AM:09:39:16/04/2022

3384 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەئامانجی هاوردەنەکردنی غازی روسی، حکومەتی وڵاتەکەی بڕی سێ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هاوردەکردنی غازی شلی سروشتی تەرخاندەکات، ئەمەش بە ئامانجی دەستبەرداربوون لە غازی سروشتی روسیا.


ئەمڕۆ شەممە، کریستیان لندنەر وەزیری دارایی ئەڵمانیا لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، "پێویستە بەشێوەیەکی خێرا و بەردەوام پشت بەستنمان بە هاوردەکردنی وزەی روسیا کەمبەکینەوە".

ئاماژەی بەوەشداوە، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی غازی شلی سروشتی بەشدارییەکی بەرچاودەکەن لەم هەنگاوەدا، بەڵام پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەی تایبەت هەیە.

ئاژانسی هەواڵی فراسن پرێس لە وەزارەتی دارایی ئەڵمانیاوە بڵاویکردەوە، بۆ هاوردەکردنی غازی شلی سروشتی بڕی دوو ملیار و ٩٤٠ ملیۆن یۆرۆ " سێ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار" یان بۆ بەکرێگرتنی بارهەڵگرەکان تەرخانکردووە بۆ کڕین و گواستنەوەی غازی شلی سروشتی.

لە جیهاندا نزیکەی ٢٠ دەوڵەت، لە نێویشیاندا ئەمریکا و ئوسترالیا و قەتەر غازی شلی سروشتی هەناردەی وڵاتان دەکەن لە رێگەی دەریاییەوە.

دوای گواستنەوەی غازە شلەکە، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی غاز بە چەند پرۆسیەکە غازە شلەکە دەگۆڕن بۆ غازی ئاسایی و بەسەر وێستگەکاندا دابەشی دەکەن.

هەفتەی رابردوو، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاند، هەوڵەکانیان بە ئامانجی کەمرکردنەوەی پشت بەستن بە وزەی روسیا بەگشتی و غاز بەتایبەتی چر دەکەنەوە.

روسیا بەڕیژەی ٤٥٪ غازی سروشتی بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دابیندەکات، بەڵام بەهۆکاری سەرهەڵدانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە و سەپاندنی سزا ئابوری دارایی و بازرگانییەکان بەسەر روسیادا، هاوردەکردنی غازی سروشتی لە روسیاوە بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ٤٠٪ دابەزیوە.

پێشتریش حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو تا پێش نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ناتوانێت بەتەواوەتی دەتبەرداری غازی سروشتی روسیابێت.













گەلەری