سەردێڕ:

دواجار روسیا هۆشداری دایە ئەمریکا و ناتۆ

PM:03:06:15/04/2022

17300 جار خوێندراوەتەوە

مۆسکۆ یاداشتنامەیەکی دبلۆماسی بۆ واشنتۆن ناردووە و تیایدا هۆشداری داوەتە ئەمریکا و ناتۆ لەبارەی بەردەوامبوونیان لە پڕ چەک کردنی ئۆکرانیا. دەشڵێت، "ئەگەر ئەمە رانەگرن ئەوا ئەوشتە روودەدات کە پێشبینی نەکراوە".


ئەمڕۆ هەینی، رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، مۆسکۆ یاداشتنامەیەکی دبلۆماسی بەشێوەیەکی فەرمی ئاراستەی ئەمریکا و پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە یاداشتنامەکەدا هاتووە، بەردەوامبوونی ئەمریکا و ناتۆ لە پڕ چەک کردنی ئۆکرانیا بابەتێکی هەستیارە و "بەنزینی زیاتر دەکات بە ئاگرەکەدا" و ناکۆکییەکان ئاڵۆزتر دەکات.

یاداشتنامەکە هەڕەشەیەکی شاراوەی هەڵگرتووە لە رێگەی ئەو هۆشدارییەوەی کرملین ئاراستەی کۆشکی سپی کردووە و دەڵێت، بەردەوامبوون لە رەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا دەبێتە هۆی روودانی شتێک کە پێشبینی دەرەنجامەکەی نەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کە پێشتر جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر فراوانکردنی کۆمەکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا و لەو چوارچێوەیەدا بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی رەوانەی ئۆکرانیا دەکات کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێ پۆش و ژمارەیەکی زۆر موشەکی دژە تانک و فڕۆکەی تێدایە.

هاوکات، ئەمریکا ئاسانکاری بۆ ئۆکرانیا کردووە تا سیستمی بەرگری ئاسمانی یەکێتی سۆڤییەت ئێس- 300 بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی ئەمریکا توانی وا لە سلۆڤاکیا بکات ئەو سیستمە رەوانەی کیێڤ بکات، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا سیستەمی موشەکی پاتریۆت لە سەر خاکی سلۆڤاکیا جێگیر بکات.













گەلەری