سەردێڕ:

بانکی نێودەوڵەتی بە ژمارە بوژانەوەی ئابوری عێراقی ئاشکرا کرد

AM:08:57:15/04/2022

3408 جار خوێندراوەتەوە

بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاند، تێکڕای ئابوری عێراق بوژانەوەوە و گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبیندەکرێت لەمساڵدا بەڕێژەی ٨.٩٪ گەشە بکات. دەشڵێت، "گەشەکردنی کەرتی نەوتی و نا نەوتی بە راستەڕێی خۆیاندا تێپەڕدەبن و دەگەنە ئاستی گەشەکردنی پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا".


بانکی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا کە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڵاویکردووەتەوە ئاشکرای کردووە، ئابوری عێراق بەشێوەی پلەبەندی دەبووژێتەوە و لە دۆخە سەختەی بەهۆی سەرهەڵدانی کۆرۆنا و دابەزینی بەرچاوی نەرخی نەوتەوە توشی بووبوو دەربازی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و هەڵگرتنی بەشێکی زۆر لە رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، لە هەردوو بواری نەوتی و نانەوتیدا عێراق گەشەکردنی بەخۆیەوە بینیوە و بە ئاراستەی تێپەڕاندنی دۆخە سەختەکان دەڕوات.

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، لەساڵی ٢٠٢١ تێکڕای گەشەسەندنی ئابوری عێراق بە رێژەی ١.٣٪ بووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠ بەشێوەیەکی توند و بەرچاو بەڕێژەی ١١.٣٪ توشی پاشەکشەکردن هات.

دەشڵێت، بوژانەوەی ئابوری عێراق بەپلەی یەکەم لە نۆ مانگی ٢٠٢١دا بەهۆی پاڵشتی کردنی کەرتی نانەوتی عێراقەوەبووە بەڕێژەی ٦٪ وەک کەرتەکانی گواستنەوە و نیشجەتێکردن و دابەشکردنەوە.

لەبارەی کەرتی کشتوکاڵیشەوە راپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی ئەو وشکەساڵیە توندەی رووی لە وڵاتکردووە و چەندینجار سەرچاوەکانی وزەی لێبڕدراوە و لەنۆ مانگی ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەو پێداویستییە کشیوکاڵیانەی عێراق هاوردەی کردوون، بەڕێژەی ١٧.٥٪ و دواتریش بەڕێژەی ٣٦.٨٪ کەرتی کشتوکاڵ پاشەکەشەی کردووە و نەیتوانیوە گەشەکردن بە خۆیەوە ببینێت.

راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای ئەوەی بەرهەمی ناو خۆیی نەوت بەڕێژەی ٤٪ توشی کورتهێنان بوو و لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهای دراوی عێراقی بەڕێژەی ٢٣٪ بەهاکەی لەدەستدا، هەروەها، بەهۆی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتەوە لە چوارچێوەی رێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە لەساڵی ٢٠٢١ چەندجارێک لەسەر یەک توشی هەڵاوسانی نرخبوو.

لەکۆتایی راپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتیداهاتووە، بەهۆی باشتربوونی بازاڕی نەوت و بەرهەمهێنانی چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیلی زیادەی نەوت لە چوارچێوەی رێکخراوی ئۆپیکدا، پێشبینیدەکرێت لەمساڵدا بوژانەوە و گەشەسەندنی ئابوری عێراق بگاتە ٨.٩٪.













گەلەری