سەردێڕ:

بۆ یەکەمجارە ئەمریکا ئەم جۆرە چەکە دەداتە ئۆکرانیا

AM:08:28:14/04/2022

8384 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند وڵاتەکەی بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار یارمەتی سەربازی دەدات بە ئۆکرانیا. هاوکات، بۆ یەکەمجارە ئەمریکا جۆری چەکی تۆپهاوێژی هاویتزەری 155 mm دەداتە ئۆکرانیا.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نوسگینەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، وڵاتەکەی بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات، بەمەش تا ئێستا بە بڕی زیاتر لە ٢.٥ ملیار دۆلار ئەمریکا هاواکری سەربازی ئەو وڵاتەی کردووە.

دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، نوسینگەی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، یارمەتییەکان بریتین لە قەڵغانی لەش و تەقەمەنی تۆپهاوێژ و سیستمی تۆپهاوێژ.

ئاماژەی بەوەشداوە، جۆ بایدن گواستنەوەی هەلیکۆپتەری دیکەشی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردووە و ئەو کەلوپەلانەی بۆ ئۆکرانیا دابینکراون لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ روسیادا " هەستیار بوون ".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکی ئۆکرانیای راگەیاندووە، ئێستا ناتوانن ئیسراحەت بکەن. گەلی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە وەستان لە پاڵ گەلە ئازاکەی ئۆکرانیادا لە شەڕییاندا بۆ ئازادیی.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا یارمەتییەکان بریتین لە ١١ کۆپتەری جۆری می – 17 و 18 هاویتزەری 155 mm و راداری دژە تۆپهاوێژ و ٢٠٠قەڵغانی لەش. ئەمەش یەکەمین جارە ئەمەریکا هاویتزەر بدات بە ئۆکرانیا.

ئەمە لەکاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە ئەمەریکا و سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە چەکی قورس بدەن بە ئۆکرانیا، لەکاتێکدا وڵاتەکەی رووبەڕووی جەنگێک بووەتەوە کە هەزاران کەسی کوشتووە و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.

هاوکات، رۆژی چوارشەممە روسیا رایگەیاند، کۆنتڕۆڵی شاری ماریوپۆڵی کردووە و زیاتر لە هەزار سەربازی ئۆکرانی لە شارەکەدا خۆیان داوە بە دەستەوە.













گەلەری