نوسینگەی وەزری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزیری نەوت پێشوازی کرد لە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم کە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی رێوشوێنەکانی جێبەجیکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە یاسای نەوت و غازی هەرێمەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت پێشوازی کرد لەیەکەم شاندی باڵای حکومەتی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری بەغدای پایتەخت وەزیری نەوت لەگەڵ
شاندەکەی حکومەتی هەرێم کۆببێتەوە و لە بارەی گرتنە بەری رێوشوینەکانی جێبەجێکردنی
بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوت و غاز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کە دادگای باڵای
فیدڕاڵی دەریکرد، گفتوگۆ بکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی رێککەوتن لەسەر چەند میکانیزمێک و پێوەری نوێ بۆ
ئیدارەدانی دۆسییەی پیشەسازی نەوت لە هەرێم واژوو بکەن. دەشڵێت، ئەم هەنگاوە خزمەت
بە بەرژەوەندی گشتی و زیادبوونی داهات و پشتیوانی دۆخی ئابوری و تەواوکاری دۆسیەی
پیشەسازی نەوتی نیشتیمانی دەکات.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، وەزارەت چەند لیژنەیەکی پسپۆڕ بەم دۆسییەیە پێکهێناوە بۆ ئامادەکردنی نەخشە
رێگایەک بۆ تاوتوێکردنی سەرجەم دۆسییەکانی تایبەت بە پیشەسازی نەوت لە هەرێم.
راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشداوە، لیژنە پسۆڕەکان چەندین کۆبوونەوەیان
کردووە و چەندین وۆرکشۆپی تایبەت و پسپۆڕیی چڕیان لەگەڵ سەرجەم شارەزایانی ناوخۆیی
و نێودەوڵەتی سازکردووە و داوا لە راوێژکارە پسپۆڕەکانیش کراوە چاو بەسەرجەم
گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەل کۆمپانیاکانی نەوتدا بخشێننەوە.
دەشڵێت، ئەوشاندەی حکومەتی هەرێم کە سەردانی بەغدایان کردووە لە چەند بەرپرسێکی حکومی و وەزارەتی سامانە
سروشتییەکان و سێ کەسایەتی دیکەیان بە پلەی وەزیر پێکهاتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێم
بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی نەوت سەردانی بەغدا بکەن.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت لە
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی چوارشەمەی رابردوودا بڕیاردرا لیژنەیەک پێکبهێندرێت
و بەمەبەستی تاوتوێکردن و گفتوگۆکردنی پرسی نەوت سەردانی بەغدا بکات.
لە ١٥ی مانگی شوباتی ئەمساڵدا،
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، فرۆشتنی نەوت و غاز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە
نادەستوریە. ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرینەی
لایەنەکانی هەرێم لە دژی بڕیارەکو بوون و لە بەرامبەریشدا بەشێکی هاوڵاتیان دەیانوت،
"خێری نەوت بۆ هەندێک کەس و لایەنە" و بڕیارەکەیان پێ گونجاو بوو.