سەردێڕ:

چۆن پرسی موچە کراوەتە شەڕێکی دەروونیی دژی موچەخۆران؟

PM:05:19:07/04/2022

8040 جار خوێندراوەتەوە

کاتێک نرخی نەوت نزمە و داهات کەمە و قەیرانی دارایی و شەڕی داعش هەیە موچە لە کاتی خۆیدا و بە تەواوی نادرێت، کاتێکش نرخی نەوت بەرزە و داهات زۆرە و شەڕی داعش نەماوە و قەیرانی دارایی کۆتایی هاتووە، هەر موچە لە کاتی خۆی و بە تەواوی نادرێت، ئەمە ئەو جەنگە دەروونیەیە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دژی موچەخۆران بەرپای کردووە و دیار نییە کەی کۆتایی پێدەهێنێت.


هەموو ئەو ئامار و داتایانەی هەن، دەیسەلمێنن، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم مانگانە نەک بەشی موچەیەک داهاتی نییە، بەڵکو زۆر زیاتر لە موچە داهاتی هەیە و دەتوانێت هەموو پرۆژە ڕاگیراوەکان و پێشینەکان و موچە پاشەکەوتکراوەکانیش بگەڕێنێتەوە.

لە ئێستادا رۆژانە حکومەتی هەرێم ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، ئەگەر هەر بەرمیلی بە ١٠٠ دۆلاریش بفرۆشێت، ئەوا ڕۆژانە بە بەهای ٥٠ ملیۆن دۆلار نەوت دەفرۆشێت و مانگانەش دەکاتە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام بەرپرسانی هەرێم دەڵێن هەموو داهاتی نەوت ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بەڵکو ٪٤١ی دەگەڕێتەوە و ئەوەی دیکە بۆ کرێی گواستنەوە و کۆمپانیاکانە، بەڵام ئەگەر بەو جۆرەش بێت، واتا ئەگەر تەنها ٪٤١ی داهاتی نەوت بگەڕێتەوە، ئەوەش زیاترە لە ٦٥٠ ملیۆن دۆلار و زیاترە لە بڕی پارەی موچە. واتا بەو بڕەش دەتوانێ موچە لە کاتی خۆی و بە تەواوی بدات و کۆتایی بەو جەنگە دەروونیە دژی موچەخۆران بهێنێت.

ئەوە جگە لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا و ٣٢ ملیار هاوکاریی هاوپەیمانان و نزیکەی ٣٥٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆ، کە ئەگەر پێکەوە هەژمار بکرێن بەشی نزیکەی دوو موچەی فەرمانبەران دەکات. مانگانە حکومەت پێویستی بە نزیکەی ٨٩٠ ملیار دینار هەیە بۆ دابەشکردنی موچە، واتە دەتوانرێت تا پێش جەژن دوو موچە بدرێت و هێشتا بەشێکی پارەکەش دەمێنێتەوە.

نزیکەی سێ هەفتەشە پارەی موچەی مانگی سێ بەردەستە، بەڵام دابەشکردنەکەیان ڕاگرتووە و پێدانی موچەیان کردووە بە ٤٥ رۆژ جارێک بەبێ ئەوەی ڕایبگەیەنن، بەوەش حکومەتی هەرێم بەو هەموو داهاتەوە، لە سێ مانگدا دوو موچە بە زەحمەت و دوای شەڕێکی دەروونی و مردنی خانەنشین لە سەرەی موچەدا، دابەشدەکات.

ئەوەی هەیە ساڵانێکە بەردەوامە و لە داهاتووشدا پێدەچیت بەردەوام بێت، ئەوەش بەهۆی گەندەڵیی و دەستبەراگرتنی داهاتی نەوت و ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان لەلایەن حزب و بەرپرسانەوە، بەهۆی ئەو دۆخەشەوە کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێناکەوێت؛ کۆتایی بە جەنگی دەروونی دژی موچەخۆران ناهێنێت.

کاروان ئیبراهیم- ئێن ئاڕ تی













گەلەری