ئەندامێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، پرسی لیوای ۲٠ی هاوبەش و بازگەکانی کەرکوکیان لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق تاوتوێ کردووە و دەشڵێت، وەزیری بەرگری بەڵێنی پێداون پرسی بازگەکانی ناوەوە و دەرەوەی کەرکوک چارەسەر بکات.
رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەو بەڕێزانەی لە لیوای ٢٠ی سوپای عێراقن و تا ئێستا مووچەیان بۆ نەبەستراوە، ئەمڕۆ سەبارەت بەو کێشەیە سەردانی وەزیری بەرگری عێراقمان کردووە و دەڵێت تەواوی کاروبارە یاساییەکانیان تەواو بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ کێشەیەکی یاسایی دامەزراندن و دەستبەکاربوونیان
نییە و دواکەوتنی دەستبەکاربوون و بەستنی موچەکانیان تەنها ئەوەیە کە وەزارەتی بەرگری
چاوەڕوانی بودجە و رەزامەندی وەزارەتی داراییە بۆ بەستنی مووچەکانیان.
باسی لەوەشکردووە، خەڵکانێکی زۆر پرسیاریان لێدەکەن سەبارەت بە چۆنیەتی پەیوەندیکردنیان
بە سوپای عێراقەوە و دەڵێت، "بۆ هەموو هاوڵاتییەک هەیە پەیوەندی بە سوپاوە
بکات بەبێ جیاکاری نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی، بەڵام دەبێ چاوەڕوان بن تا ئەوکاتەی
دەرگای پەیوەندیکردن بە سوپاوە دەکرێتەوە."
پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ ئەوەشی خستووەتەڕوو، پرسی بازگەکانی ناو شار و
دەرەوەی شاری کەرکوک و گلەیی هاوڵاتیانیان گەیاندوەتە وەزیری بەرگری و ئەویش بەڵینی
داوە بە زوترین کات چارەسەری بکات.