سەردێڕ:

چی رێگرە لە دروستکردنی پشتێنەی سەوز لە دەوروبەری شارەکانی عێراقدا؟

AM:11:25:06/04/2022

2844 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی هونەری لە وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاندووە، کەمی شایستەی دارایی و کەمی رێژەی ئاو رێگرە لە پلانی دروستکردنی پشتێنەی سەوز بە دەوری شارەکانی عێراقدا.


عیسا فەیاز بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی هونەری لە وەزارەتی ژینگە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، دیارترین هۆکاری سەرەکی بەرپرس لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی پشتێنەی سەوز لە دەوروبەری شارەکانی عێراقدا کەمی شایستەی دارایی پێویستە بۆ بەردەوامیدان بە پشتێنە سەوزەکان.

وتیشی، "کەمی سەرچاوەی دارایی کە دەبێت بۆ ئەم ڕووبەرە بەرفراوانە تەرخان بکرێت لەگەڵ کەمی رێژەی ئاو کە لە دەیەی رابردوودا بەڕۆکی عیراقی گرتووە."

باسی لەوەشکردووە، "گۆڕانی کەش و هەوا هۆکاری سەرەکی زیاد بوونی رێژەی خۆڵ بارینە و بەپێی ئامارەکانی دەستەی کەشناسی ژمارەی ئەو روژانەی خۆڵبارین تیایاندا روویداوە لە دوو دەیەی رابردوودا لە ٢٤٣ بۆ ٢٧٢ رۆژ بەرزبووەتەوە. پێشبینیش دەکرێت ژمارەی ئەو رۆژانە تاوەکو ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە ٣٠٠ رۆژ لە ساڵێکدا."

فەیاز ئاماژەی بەوەشکرد، "نزیکەی ٪٧٠ی خاکی کشتوکاڵی عێراق بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و لە دەستدانی روپۆشی رووەکی بێ کەڵکبوون یانیش هەڕەشەی بێپیت بوونیان لەسەرە."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لەم ساڵانەی کۆتاییدا رێژەی پیسبوونی ژینگە رووی لە زیادبوونکردووە و رێژەی سەوزایی کەمتربووەتەوە، ئەوانەش هۆکارن بۆ زیادبوونی رێژەی خۆڵبارین و گەرمبوونی ژینگەی ناوچەکە، پزیشکەکانیش باس لەوەدەکەن، ئەوانە دەتوانن ببنە هۆکار بۆ دروستکردنی کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ و دەبێتە هۆی نەخۆشی لە کۆئەندامی هەناسەدا وەکو رەبۆ، هەستیاری و هەناسە تەنگی.













گەلەری