سەردێڕ:

هەسارەیەک لە ئاو

PM:03:08:04/04/2022

17216 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی سپەیس رایگەیاند، زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە هەسارەیەکی دراوسێی زەوی تەواوی رووەکەی بە ئاو داپۆشراوە و هەسارەکە یەک پارچەیە لە زەریا.


ماڵپەڕی سپەیس ئاماژەی بەوەداوە، هەسارەی گلیسی ١٢١٤ بی لەساڵی ٢٠٠٩ دا دۆزراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٣ دا لە چاودێریە سەرەتاییەکاندا پێیان وابوو هەور سەر رووەکەی داپۆشیووە، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەلایەن بەشی هەسارەکان لە ئاژانسی ناسا لە ساڵی ٢٠١٧ بە یەکەم هەسارە ناسێندرا بڕوا وابێت ئاو هەموو رووەکەی داپۆشیووە.

باسی لەوەشکردووە، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە هەسارەی گلیسی ١٢١٤ بی یەک پارچە زەریایە و ئاو رووەکەی داپۆشیووە، لە نێو گەردوونناسانیش بە هەسارەی ئاو یان جیهانی ئاویی ناسراوە.

ماڵپەڕەکە ئاشکراشیکردووە، هەسارەکە لە نێو کۆمەڵەی خۆردا نیە و لەجیاتی خۆر بە دەوری ئەستێرەیەکی تردا کە ناوی گلیسی ١٢١٤ە دەسوڕێتەوە و هەسارەکە نزیکەی ٤٨ ساڵی تیشکی لە زەویەوە دورە و قەبارەکەی لە زەوی گەورەترە و کڕۆکەکەی بەردینە.

لەبارەی هەسارەکە و هەبوونی ئاو لە بۆشایدا، لوقمان حەوێزی ئەندام لە کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس ئاماژەی بەوەداوە، "چەند ساڵێکە وردە وردە بۆمان دەردەکەوێت کە ئاو ئاوێتەیەکی ئەوەندە دەگمەن نیە لە گەردوون، لایەنی کەم لەنێو گەلەئەستێرەکەمان، هەروەها ئێستا دڵنیاین کە ئاو بەڕێژەیەکی زۆرباش هەیە لەنێو کۆمەڵەی خۆرەکەمان، تەنیا بۆ نمونە زەریایەک لە ئاوی شل هەیە لەژێر چینە بەستووەکەی مانگی یوڕۆپا کە مانگێکی هەسارەی جوپیتەرە، بە پێی لێکۆڵینەوەکان قوڵی زەریاکە پترە لە ١٠٠ کیلۆمەتر و هەموو ڕووی مانگی یوڕوپای داپۆشیوە، کەواتە تەنیا لەسەر مانگی یوڕۆپا کە چوار جار لە هەسارەی زەوی بچوکترە بڕی ئەو ئاوەی هەیە گەلێک لە هەموو ئاوی زەریاکانی سەر هەسارەکەمان زیاترە."













گەلەری