سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی: سێ میکانیزم بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک گیراونەتەبەر

AM:08:17:04/04/2022

4316 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک سێ رێوشوێن دەگیرێنەبەر ئەوانیش دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک و سزادانی ئەو بازرگانانەی نرخ بەرز دەکەنەوە و بوونی بڕێکی زۆر خواردن لە کۆگاکاندا.


محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە کەناڵی ئیخبارییەی عێراقی راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک راستەوخۆ پەیوەندی بەن جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە هەیە، چونکە دوو وڵاتی گەورەی هەناردەکاری ماد خۆراکییەکانن.

ئاماژەی بەوەشدا، لەبەرامبەر گرانبوون و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان، بۆ رێگریکردن لە بەرزبووەنەوەی نرخ لەناوخۆی وڵاتدا سەبەتەی خۆراکی بۆ هاوڵاتییان ئامادەکرا و بەسەریاندا دابەشدەکرێت. هاوکات، بە گوێرەی بڕیاری ١٦٠ی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گرنگیدان بە فۆڕمی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان حەوت مادەی خۆراکی ئامادەکراوە بەسەر ٤٠ ملیۆن هاوڵاتیدا دابەشبکرێت.

محەمەد حەنون ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە بازرگانەکان دۆخەکەیان قۆستووەتەوە و دەستیان بە قۆرخکاری کردووە، حکومەتیش رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ٥٠ بازرگان گرتووەتەبەر.

لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئاشکرای کرد، وەزارەتی بازرگانی بڕێکی باش گەنمی لە عەمبار و کۆگاکاندا هەیە و گڕیبەستێکیشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئوستراڵی واژووکردووە بۆ کڕینی ١٥٠ هەزار تەن گەنمی ئوسترالی و ١٠٠ تەن گەنمی ئەڵمانی، لە ئێستادا عێراق نزیکبووەتەوە لە وەرزی کۆکردنەوەی بەرهەمی گەنمی ناوخۆیی کە نزیکەی سێ ملیۆن تەن دەبێت، هەموو ئەمانە رێکاری گرنگن بۆ کەمکردنەوەی گرانبوونی نرخی خۆراک لەسەر ژیانی هاوڵاتییان.













گەلەری