سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی: هەموو بژاردەکان کراوەن

PM:03:59:03/04/2022

2932 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، لە ئەگەری کۆتایهاتنی وادەکەی سەدر هەموو بژاردەکان لە بەردەمیاندا کراوەن و ئەندامێکی دیکەشیان دەڵێت، "لە ٤٠ رۆژدا هیچ ناکرێت".


محمەد ئەلشمەری پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ناوخۆییەکان ئاماژەی بەوەدا، وادەی دانیشتنی داهاتوو روون نییە و لەکاتی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی لە ٦ی نیساندا سەرجەم بژاردەکان لەبەردەم چوارچێوەکەدا کراوەن.

ئاشکراشیکرد، "چارەسەری قەیرانەکان بەندە لەسەر رێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر بۆ گۆرینی دۆخی چەقبەستوی ئێستا و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو."

هەروەها، ئەحمەد ئەلموسەوی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، "بەبێ کۆتایهێنان بە ناکۆکی لایەنە شیعیەکان لەماوە ٤٠ رۆژدا هیچ رێککەوتنێک ناکرێت."

باسی لەوەشکرد، "سەرکەوتنی چوارچێوەکە لە رازیکردنی هێزە کوردییەکان و سوننەکان بۆ ئەوەی لەگەڵیان هاوپەیمانی بن بۆ پێکهێنانی حکومەت هیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی شکستی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سێلایەنە بۆ گەیشتن بە رێژەی یاسایی سەرۆک کۆمار."

چوارشەممەی رابردوو سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بۆ کاتێکی نادیار دواخراو و موقتەدا سەدریش وەک خاوەنی زۆرترین کورسی پەرەمان داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد لەگەڵ لایەنەکانی دیکە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی دروستبکەن و حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنێت.













گەلەری