سەردێڕ:

سەدر بەنیازی چییە؟

AM:08:56:03/04/2022

15112 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی رەوتی سەدر راگەیاند، رەوتی سەدر بەشدار نابێت لە هیچ حکومەتێکدا لەسەر بنەمای سازان پێکبهێنرێت و پشتگیری حکومەتێکی زۆرینە و ئۆپۆزسیۆنێکی کەمینە دەکات.


ئەحمەد ئەلرەبیعی ئەندام لە رەوتی سەدر لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرمی عێراق راگەیاند، رەوتی سەدر بەشدار نابێت لە هیچ حکومەتێکی رێککەوتن و پشتگیری حکومەتێکی زۆرینە و ئۆپۆزسیۆنێکی کەمینە دەکات.

باسی لەوەشکردووە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بە پێویستی دەزانێت چاکسازی لە هەڵسوکەوتی پرۆسەی سیاسی بکرێت بە پێی پلاتفۆرمێک کە گەرەنتی هەمیشەیی و پاکی خۆی بکات و ئەنجامی پێشکەوتن و خزمەتگوزاری بداتە گەلی عێراق، بەڵام بەبێ گەڕانەوە بۆ رێبازی سازان چونکە کارێک ناکات کە ئاواتی عێراقییەکان بەدیبێنێت.

ئەحمەد ئەلرەبیعی ئاشکراشیکرد، داواکاری سەدر لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت مانای وازهێنانی سەدر نیە، بەڵکو دەیەوێت هەلێک بدات بە چوارچێوەکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە.

ئەلرەبیعی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رەوتی سەدر نایەوێت پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەکبخات، بەڵکو دەیەوێت حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنێت و هەل بدات بەو لایەنانەی پێشنایار و چارەسەریان هەیە."

ئەمەش لە کاتێکدایە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە چوارشەممەی رابردوو سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بۆ ٦ی ٤ی ٢٠٢٢ دواخراو و موقتەدا سەدریش وەک خاوەنی زۆرترین کورسی پەرەمان داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد لەگەڵ لایەنەکانی تر فراکسیۆنی زۆرینە پێکبهێنێت و حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنێت.













گەلەری