سەردێڕ:

عێراق بەرزترین داهاتی نەوتی لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا بەدەستهێناوە

PM:09:26:01/04/2022

3368 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، مانگی ئادار زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی بە بەھای زیاتر لە ١١ ملیار دۆلار فرۆشراوە. دەشڵێت، "ئەمەش لە ساڵی ١٩٧٢ەوە زۆرترین بڕی داهاتی نەوتە".


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ لەمانگی ئاداردا بڕی ١٠٠ ملیۆن و ٥٦٣ ھەزار و ٩٩٩ بەرمیل نەوت فرۆشراوە و ھەناردەی دەرەوە کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داھاتی نەوتە فرۆشراوەکە بریتییە لە ١١ ملیار و ٧٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی. دەشڵێت، ئەمەش یەکەمجارە لە دوای ساڵی ١٩٧٢ەوە حکومەت زۆرترین بڕی داهاتی نەوتی دەست بکەوێت.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی کەرکوک لە رێگەی بەندەری جیھانەوە دوو ملیۆن و ٤٤٨ ھەزار و ٩٣٥ بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.

هەربەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوت، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ٩٩ ملیۆن و ١١٥ ھەزار و ٦٤ بەرمیل بووە.

باسی لەوەشکردووە، تێکڕای بڕی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانە سێ ملیۆن و ٢٤٤ هەزار بەرمیل بووە و هەر بەرمیلێکیش بە ١١٠ دۆلار و نۆ سەنت فرۆشراوە.













گەلەری