سەردێڕ:

دوای تویتەکەی سەدر؛ هاوپەیمانی سەروەری و پارتی هەڵوێستی خۆیان ئاشکراکرد

AM:11:56:01/04/2022

13720 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی شەوی رابردوو، موقتەدا سەدری سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، هەلێک بە لایەنەکان دەدات بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ بەشداری سەدرییەکان، بە جۆرێک هاوپەیمانی سەروەری و پارتی ئازادکرد لە بڕیاردان. ئەمڕۆش لە وەڵامی تویتەکەی سەدردا ئەو دوو لایەنە رایانگەیاند، پەیوەستن بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدرییەکاندا.


لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی نێوان پارتی و هاوپەیمانیەتی سەروەری سونەکان و رایانگەیاند، لە کاتێکدا هەڵوێستی موقتەدا سەدر بەرز دەنرخێنن بۆ خێراکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکەدا، بەڵام ئەوان پابەندن بە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ فراکسیۆنی سەدرییەکان.

باسیان لەوەشکردووە، حکومەتێکی بەهێز لە عێراقدا بەبێ بوونی سەدرییەکان لەدایک نابێت و ئەوان بە توندی پابەندن بە پەیوەستبوون بە هاوپەیمانیەتی رزگاری نیشتیمان کە خۆیان دەڵێن، "هیوایەکە بۆ عێراقییەکان."

ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێویستە گفتوگۆی بنیادنەر لەگەڵ لایەنەکاندا هەبێت بەبێ هیچ جۆرە دەستتێوەردانێکی دەرەکی بۆ ئەوەی وڵات بکەوێتە کەناری ئارامییەوە و پێویستە لێکتێگەیشتن لەنێو ماڵی شیعەدا بوونی هەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، موقتەدا سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ مۆڵەت دەدات بە چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پێکھێنانی حکومەت و ئەوەش وەک هەلێکە بە سەرجەم لایەنەکانی دیکە بەمەبەستی گفتوگۆکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق لە ١ی مانگی رەمەزانەوە بۆ ٩ی مانگی شەوال بەبێ لایەنی سەدری.













گەلەری