سەردێڕ:

هادى عامرى داواکارییەک ئاڕاستەى موقتەدا سەدر دەکات

PM:02:36:30/03/2022

18408 جار خوێندراوەتەوە

هادى عامرى سەرکردە لەچوارچێوەى هەماهەنگى شیعى، داوایەک ئاڕاستەى موقتەدا سەدر و هاوپەیمانى ئینقاز دەکات، بەوەى کە دەبێت لە رێگەى لەیەکتر تێگەیشتن و گفتوگۆوە چارەسەرى گرفتەکان بکرێت و حکومەتێکى نوێ پێکبهێنرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، دواى کۆبوونەوەى فراوانى چوارچێوەى هەماهەنگى لەماڵەکەی، هادى عامرى لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، شکانى ئیرادە و دوورخستنەوەى لایەنەکان، عێراق بەرەو سەقامگیرى نابات، پەیامەکەمان بۆ هێزە سیاسییەکان و هاوپەیمانى سێلایەنەیە، دڵمان کراوەیە بۆ رێکەوتن و کۆتایهاتن بەم داخرانە سیاسییەى کە دروستبووە.

بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار بەرێوەبچێت، بەڵام بەشێک لەلایەنەکان بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد، بەهۆى ئەوەوە هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار بەڕێوە نەچوو.

دوێنێ سێشەممە، شاسوار عەبدلواحد سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ رایگەیاند، تاکو داواکارییەکانى خەڵک جێبەجێ نەکرێت بەشدارى دانیشتنى پەرلەمان ناکەن.

دانیشتنى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار پێویستى بە ٢٢٠ پەرلەمانتار هەیە، بەڵام دواى بایکۆتکردنى دانیشتنەکە لایەن پەرلەمانتارانى نەوەى نوێوە تەنها ١٨٣ پەرلەمانتار لەهۆڵى پەرلەمان مایەوە.













گەلەری