سەردێڕ:

وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار چەند رێنماییەکی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە

PM:01:14:28/03/2022

9500 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری فیدڕاڵی رایگەیاند، لەمانگی رەمەزاندا جگە لەناوچە گەشتیارییەکان کە رێگەیان پێدەدرێت خواردنگە و چێشتخانەکانیان کراوەبن ئەویش بەمەرجی رووپۆشکردنی بەشی پێشەوەیان بە پەردە، سەرجەم چێشتخانە و فڕۆشگاکانی خواردنەوە کحولییەکان دادەخرێن.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراقی لە راگەیەنراوێکیدا رێنماییەکانی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، خواردن و خواردنەوە لە شوێنەگشتییەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا بەهەموو شێوەیەک قەدەغەکراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، سەرجەم کۆگا و فرۆشاگاکانی خواردنەوە کحولییەکان بە درێژایی مانگی رەمەزان بە داخراوی دەمێننەوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، سازکردنی هەموو جۆرە ئاهەنگ و بۆنەیەک کە لەگەڵ مانگی رەمەزاندا ناگونجێت مۆڵەتییان پێنادرێت و نابێت ساز بکرێن.

دەشڵێت، لەگەڵ خۆرکەوتن تا کاتی خۆرئاوابوون سەرجەم چێشتخانە و خواردنگە و ئەو شوێنانەی خواردنیان لێدەفرۆشرێت دادەخرێن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، شوێنە گەشتییارییەکان کە لەسەر رێگای دەرەوەی شارەکانن، دەتوانن بەدرێژایی مانگی رەمەزان کراوەبن بە مەرجی داپۆشینی بەشی پێشەوەی شوێنەکان بە پەردە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو چێشتخانە و خواردنگانەی پلەیەکیان هەیە لەناو شارەکاندا دەتوانن لە مانگی رەمەزاندا کراوەبن بەمەرجی داپۆشینی رووکاری پێشەوەیان بە پەردە.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاردا هاتووە هەرکەس پابەندی رێنماییەکان نەبێت و سەرپێچی بکات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.













گەلەری