بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ ١٢٠ دۆلار بەرزبووە و بەوپێیەش بەراورد بە نرخی دوێنێ بۆ هەر بەرمیلێک زیاتر لە پێنج دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١٢٠ دۆلار و حەوت سەنتە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ١١٣ دۆلار و نۆ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی کاریگەری جەنگی روسیا ئۆکرانیاوە لەماوەی
رابردوودا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکردووە و لە دوو هەفتەی رابردوودا
١٣٠ دۆلاری تێپەڕاند و دواتر نرخەکەی کەمێک هاتەوە خوارەوە بەڵام هەر بە بەرزی مایەوە
و سەروی ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت
زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
رۆژی ٢٣ی مانگی رابردوو، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە
سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە
بازاڕەکانی جیهاندا و ماوەی زیاتر لە مانگێکیە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەناو خاکی
ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە.
بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت
پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی
قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ
گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.