سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بەرزیدا ماوەتەوە

AM:08:25:25/03/2022

3996 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ١٢٠ دۆلاری تێپەڕاند و لەو رۆژەوە بە بەرزی ماوەتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١١٩ دۆلار و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ١١٢ دۆلار و هەشت سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی کاریگەری جەنگی روسیا ئۆکرانیاوە لەماوەی رابردوودا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکردووە و لە دوو هەفتەی رابردوودا ١٣٠ دۆلاری تێپەڕاند و دواتر نرخەکەی کەمێک هاتەوە خوارەوە بەڵام هەر بە بەرزی مایەوە و سەروی ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.

رۆژی ٢٣ی مانگی رابردوو، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و ماوەی زیاتر لە مانگێکیە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەناو خاکی ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە.

بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.













گەلەری