حکومەتی سعودیە دوا بە دوای جێبەجێکردنی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بۆ ئەمساڵ بڕیاری دا لە كۆتا ١٠ شهوی مانگی رەمەزان رێگادەدرێت بە مانەوەی سەردانیکاران لە هەردوو مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر بە مەبەستی ئەنجامدانی پەرستش.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی فەرمی ھەواڵی سعودیە بڵاویکردەوە، بۆ ئەمساڵ رێگا بە ئەنجامدانی پەرستش لە مزگەوتی حەرام لە مەککە و مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە دەدرێت.
حکومەتی سعودیە لەو بارەیەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و
تیایدا هاتووە، "وەکو سوننەتێکی پێغەمبەر کە ساڵانە لە هەردوو مزگەوت پەرستش
ئەنجامدراوە، بۆ ئەمساڵیش لە كۆتا ١٠ شهوی مانگی رەمەزان رێگا بە سەردانیکاران دەدرێت
بە مەبەستی ئەنجامدانی پەرستشی خۆیان لە مزگەوتەکان بمێننەوە"
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ماوەیەکی نزیکیشدا لە رێگای ناوەندی ئەلیکترۆنییەوە
ناونووسین دەستپێدەکات بۆ ئەو کەسانەی بەنیازن بۆ رەمەزانی ئەمساڵ سەردانی دوو مزگەوتەکە
بکەن".
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢ی ١١ی ٢٠٢١ توێژینەوەیەکی ناوەندی کەشوهەوای عەرەبی
دەریدەخات، مانگی رەمەزانی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی و ١٤٤٣ی کۆچی لە رۆژی هەیینیدا دەردەکەوێت
و رۆژی شەممە ٢ی نیسانی ٢٠٢٢ یەکەمین رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت.
لەماوەی رابردوودا حکومەتی سعودییە بڕیاریدا سەرجەم
رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لەسەر حاجییان و عەمرەکاران هەڵگرێت و بڕیارەکەش لە
١ی ٤ی ٢٠٢٢ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.