بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ١٢٠ دۆلاری تێپەڕاند و بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ١٢٠ دۆلار و و ٥٠ سەنت و بەراورد بە نرخی سەر لەبەیانی ئەمرۆ نرخەکەی سێ دۆلار و ٤٧ سەنت بەرزبووەتەوە.
هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ١١٣ دۆلار
و ٧٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی کاریگەری جەنگی روسیا ئۆکرانیاوە
لەماوەی رابردوودا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکردووە و لە دوو هەفتەی
رابردوودا ١٣٠ دۆلاری تێپەڕاند و دواتر نرخەکەی کەمێک هاتەوە خوارەوە بەڵام هەر بە
بەرزی مایەوە و سەروی ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی
رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
بەرز دەبێتەوە.
رۆژی ٢٣ی مانگی رابردوو، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی
ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و ماوەی زیاتر لە مانگێکیە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی
لەناو خاکی ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە.
بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی
نرخی نەوت پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە
لەبارەی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە
هۆکارە بۆ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.