وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەست دەکەن بە دابەشکردنی موچەی مانگی سێ "ئادار"ی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و ئەو دەستانەشی پەیوەندییان بە وەزارەتەوە نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، فەرمانگەی ژمێریاری سەربە وەزارەتی دارایی دەستیکردووە بە دابینکردنی پارە بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوای
تەواوبوونی رێکارەکان، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی سێ "ئادار"ی
سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان دەکرێت.
لەبەشێکی دیکەی
راگەیەنراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، داوا لەسەرجەم یەکەکانی ژمێریاری و
خەرجییەکان دەکرێت سەردانی وەزارەتی دارایی/ فەرمانگەی ژمێریاری بکەن بە گوێرەی
ئەو خشتەیەی دانراوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێکارەکانی پێدان و وەرگرتنی پارەکانیان
بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.
ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتی
هەرێم بڕیاری دابوو هەموو مانگێک موچە لە ٢٥ مانگدا دابەش بکات، بەڵام ئەمڕۆ کە
رێکەوتی ٢٢ی ئاداری ٢٠٢٢ەوە، هێشتا موچەی مانگی شوباتی وەزارت و دەستە و فەرمانگەکان
دابەشنەکراوە. جگە لەوەی دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشکردنی موچە
رادەگەیەنێت و موچەخۆران و خانە نشینان لە وادە و رێکەوتی خۆیاندا سەردانی
بانەکەکان دەکەن بۆ وەرگرتنی موچەکانیان، بەڵام بانکەکان پێیان رادەگەیەنن کە
ناتوانن موچە دابەشبکەن بە هۆکاری نەگەیشتنی پارە بۆ بانکەکان.