بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١١٥ دۆلار و ١٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت بەمەش نرخەکەی بەراورد بە بەیانی ئەمڕۆ چوار دۆلار و ١٠ سەنت و بەراورد بە دوێنێ بەیانی هەشت دۆلار و ١٠ سەنت بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ١١٥ دۆلار و ١٠ سەنت و بەراورد بە بەیانی نرخەکەی چوار دۆلار و ١٠ سەنت بەرزبووەوە.
هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ١١٠ دۆلار و هەشتا سەنت
مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی کاریگەری جەنگی روسیا ئۆکرانیاوە لەماوەی
رابردوودا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکردووە و لە دوو هەفتەی رابردوودا
١٣٠ دۆلاری تێپەڕاند و دواتر نرخەکەی کەمێک هاتەوە خوارەوە بەڵام هەر بە بەرزی مایەوە
و سەروی ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت
زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
رۆژی ٢٣ی مانگی رابردوو، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە
سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە
بازاڕەکانی جیهاندا و ماوەی زیاتر لە مانگێکیە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەناو خاکی
ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە.
بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت
پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی
قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ
گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.
ل.ل